جێگرى سەرۆكی پەرلەمان پێشوازیی لە بەرپرسی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان کرد
لە دیدارەكەدا هێمن هەورامی، جێگرى سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، كورتەیەكی سەبارەت بە كارەكانی پەرلەمان لە ماوەى دەستبەكاربوونیدا خستە ڕوو و ڕایگەیاند: "ڕێكارە یاساییەكانی پەرلەمان بۆ كاراكردنەوەى دامەزاروەى سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دوای خوێندنەوەى یەكەم و دووەم بۆ پڕۆژە پێشنیازەكە كراوە و بەم نزیكانە لە دانیشتێكی دیكەی پەرلەماندا دەنگی لەسەر دەدرێت و بەمەش هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ هەنگاوێكی دیكە دەچێتە پێشەوە".
هەورامی باسی لە بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرد و ڕایگەیاند: "ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە ئاستێكی باشدایە و هیوادارین بەرەوپێشتریش بچێت و كێشەكان لەگەڵ بەغدا لە ڕێگەی دەستوورى عێراقەوە چارەسەر بكرێن، بەتایبەتى ماددەى ١٤٠ى دەستوور كە تایبەت بە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكانی ترە".
هەر لە دیدارەكەدا جێگرى سەرۆكی پەرلەمان باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتیی ئەوروپا كرد و ڕایگەیاند: "دەخوازین كە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتیی ئەوروپا بەرەوپێشتر بچێت و داوای لە بەرپرسی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان کرد لە هەوڵەكانی بخاتە گەڕ بۆ دروستكردنی پەیوەندی و هەماهەنگی لە نێوانان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی ئەوروپا بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی پەرلەمانی وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەت لە بوارى چاكسازیی كارگێڕی و داراییدا".
كلاریس پاستۆرى، بەرپرسی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی بە نزیكبوونەوەى لایەنەكان لە یەكترى بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم دەربڕی و ئامادەییی خۆیشی بۆ هەموو جۆرە هاوكارییەك دەربڕی بۆ لە یەكتر نزیككردنەوەى لایەنەكان و هیوای خواست كە لە نزیكترین كاتدا كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێك بێت."
كلاریس پاستۆرى خۆشحاڵیی خۆیشی بە باشتربوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵیی عێراق دەربڕی و، هیوای خواست پەیوەندییەكان بەرەو باشتر بچن و كێشەكان بە ڕێگەى دیالۆگ و ئاشتییانە چارەسەر بكرێن."
kdp-
