چاودێرێکی پشتیوانی سیاسەتی عەبادی: بارزانی لە بەغدا بە سەرکەوتنێکی گەورەوە گەڕایەوە کوردستان

چاودێرێکی پشتیوانی سیاسەتی عەبادی: بارزانی لە بەغدا بە سەرکەوتنێکی گەورەوە گەڕایەوە کوردستان
چاودێرێکی سیاسیی عەرەب پێیوایە، سەرۆک بارزانی لە بەغداوە، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێناوە و توانیویەتی ئیرادەی هێزە سیاسییەکانی عێراق دەستەمۆ بکات.

کازم حەجاج، چاودێری سیاسیی عەرەب، بە ماڵپەڕی (ئەلمەسەلە)ی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئێستا کە عادل عەبدولمەھدی لە لوتکەی دەسەڵاتە لە عێراق، خاوەنی پەیوەندییەکی تایبەتە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لەو کاتەی وەزیری نەوت بوو، ئەو نەرمی نواندنەی پێشکەشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی کرد، لە بارەی بودجە و وازهێنانی نانەوەی کێشە لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی کوردستان.

چاودێرەکە پێیوایە کە پارتی دیموکراتی کوردستان، بوونی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە هەلێک دەبینێت بۆ وەبەرهێنان و دەیەوێت بۆ بەرژەوەندیی حزبەکانی هەرێمی کوردستان بیقۆزێتەوە.

ئەو چاودێرە سیاسییە کە لایەنگری سیاسەتە نەیارەکانی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقە لە دژی گەلی کوردستان، نایشارێتەوە کە دەسەڵاتی ئێستای بەغدا هاوشێوەی سەردەمی حەیدەر عەبادی و نووری مالیکی نییە، دەشڵێت: “بارزانی بە سەرکەوتنێکی کاریگەر لە دەستوور و بودجە و دەستکەوتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، گەڕایەوە هەرێمی کوردستان”. هەروەها دانی ناوە کە سەرۆک بارزانی لە دەستەمۆکردنی ئیرادەی هێزە سیاسییەکانی عێراق سەرکەوتوو بووە.

ڕوونیشی کردووەتەوە، عادل عەبدولمەهدی هەوڵ دەدات سەرجەم لایەنەکان ڕازی بکات.









باسنيوز
Top