پەرلەمانتارێکی کورد: بڕیاری خەرجکردنی مووچەی پێشمەرگە لە بەغداوە درا
د. ناسر ھەرکی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند، وەزارەتی پێشمەرگە ژمارەی بانکییان نییە، تاوەکوو وەزارەتی بەرگریی عێراق راستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەو هۆیەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی نیسانی ٢٠١٩، وەزارەتی بەرگریی عێراق نووسراوێکی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، تاوەکوو بڕە پارەی تایبەت بە مووچەی پێشمەرگە، بۆ هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە و لەگەڵ پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان هاوپێچ بکرێت.
جەختیشی کردەوە کە بڕی پارەکە ٦٨ ملیار دینارە و تایبەتە بە مووچەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، حکوومەتی عێراق جگە لە مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، پابەند کراوە بە ناردنی بڕی ٦٨ ملیار دیناری مانگانە، وەکوو مووچەی بەشێک لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
باسنيوز
