راوێژکارێکی سەرۆک بارزانی: ڕێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی تەنیا گرفتی تەکنیکی ماوە

راوێژکارێکی سەرۆک بارزانی: ڕێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی تەنیا گرفتی تەکنیکی ماوە
راوێژکارێکی سەرۆکی بارزانی ئاشکرای کرد کە گفتوگۆکانی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ڕێککەوتنەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ”تەنیا گرفتی هونەری ماوە“.

کیفاح مەحموود، ڕاوێژکاری سەرۆک بارزانی ڕايگەیاند، ڕێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی گەیشتووەتە قۆناغی واژۆکردن، ”تەنیا گرفتی ھونەری هەیە، ماوەی چەند کاتژمێرێکی دیکە گفتوگۆکان لەبارەی پرسی جێگری سەرۆکی ھەرێم یان یاریدەدەری ئەو پۆستە بەردەوام دەبێت تا دەگەنە دەرئەنجامێک“.

ڕوونیشی کردەوە کە پەرلەمانی کوردستان وەک دامەزراوەیەکی یاسایی، یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم هەموار دەکاتەوە و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمیش دەکرێت.

ئەوەشی خستە ڕوو: ”بزووتنەوەی گۆران ئەوە بەمافی خۆی دەزانێت کە جێگری سەرۆکی ھەرێمی ھەبێت و بەپێویستی نازانێت سەرۆکی ھەرێم دوو جێگری ھەبێت، پارتیش دەیەوێت ھاوبەشییەک لەو نێوانە بدۆزێتەوە، چونکە ناکرێت حکوومەت دواکەوێت“.












باسنيوز
Top