شڤان‌ پەروەر: هەرێمی کوردستان ئێستا بووەتە جێگەی هیوای هەمووان و دەبێ بپارێزرێت"

شڤان‌ پەروەر: هەرێمی کوردستان ئێستا بووەتە جێگەی هیوای هەمووان و دەبێ بپارێزرێت
شڤان پەروەر، هونەرمەندی ناسراوی کورد لە گرتە ڤیدیۆییەکدا نیگەرانیی خۆی لە دۆخی هەرێمی کوردستان دەردەبڕێت و داوا دەکات سەرجەم ئەو ڕێگایانەی پێویستن بۆ بەرەوپێشبردنی کوردستان، بگیرێنە بەر. ئەوەش ناشارێتەوە کە هەرێمی کوردستان بووەتە جێگەی هیوای هەمووان.



شڤان پەروەر لە بەشێک لە قسەکانیدا باس لە چۆنیەتیی پەروەردە دەکات و دەڵێت: "دەبێ پێشمەرگە بکرێتە هێزێکی نیشتمانی و نابێ بە هیچ شیوەیەک لەژێر باڵی ئەملاو و ئەولا و بەرپرسێکی تایبەتدا بێت و پێویستە پێشمەرگە بە ئەقڵ و هزرێکی نەتەوەیی پەروەردە بکرێت و گرنگی بە بنەماڵە و ماڵباتیان بدرێت و دەبێ پێشمەرگە وەها بار بهێندرێت کە هەرکامەیان پاڵەوانێک بن بۆ کوردستان، نەک گوێڕایەڵی ئەملا و ئەولا و تەنیا بڵێن بژی، بژی".



شڤان پەروەر ئاماژەی بەوەش کردووە: "با کولتووری ئاغا و شێخ و بەگ و عەشیرەتگەرایی بنبڕ بکرێت و با ئەم کولتوورە نەبێتە هۆی لەدەستدانی هێز و وزەی کۆمەڵگە و نەبێتە ڕێگەیەک بۆ کۆکردنەوەی پارە و دۆلاری هەندێک کەس، چونکە باشووری کوردستان ئێستا بووەتە جێگەی هیوای هەمووان و دەبێ بپارێزرێت و دەبێ ڕێگری لە گەندەڵی و بەفێڕۆدانی سامان و دەسەکەوتی نیشتمانی بکرێت و هێما نەتەوەییەکان بپارێزرێن".



ئەو هونەرمەندە کورد لە درێژەدا ڕەخنە دەگرێت و دەڵێت: "هەندێک بە کەڵکی خراپ لە سامانی نیشتمانی لەڕێگەی گەندەڵییەوە موڵک و داراییان پێکەوە ناوە و بە دامەزراندنی هۆتێل و کۆمپانیا و مۆڵ، بوونەتە هۆکاری جیاوازیی چینایەتی و هیوا و ئینتمای نەتەوەییان لەناو خەڵک و جەماوەر لاواز کردووە".



ئاماژە بەوەش دەکات: "لەڕێگەی گرنگیدان بە پێشمەرگە و پاڵپشتیکردن و پەروەردەی دروستی نەتەوەییەوە دەکرێت ببیتە وڵات و ئەویش دەتوانێ وڵات و کەرامەتی نیشتمانی بپارێزێت، نابێ ئەو کولتوورە پەرە پێ بدرێت کە دەبێ هەر پەسن بکەی و بژی، بژی دووپات بکەنەوە، ئەبێ ڕێز لەوانەش بگرن کە ڕەخنە دەگرن، با گرنگی بەوە بدەین کاتێک شۆڕش و خەبات لە بەشێکی کوردستان دێتە ئاراوە پشتی بگرین، بۆ وێنە کاتێک ڕۆژهەڵات دەبووژێتەوە باشوور و ڕۆژئاواش پشتی بگرێت، یان باکوور دەکەوێت ئەبێ خەمی بخۆین."



شڤان پەروەر ئاماژەی بەوەش کردووە: "دەبێ لە هەموو سەنگەرەکان کەڵک وەربگرین، چونکە هەر دەستکەوت و پێشکەوتنی بەشێکی کوردستان، پێشکەوتنی ئەوی دیکەشە، ئێمە دەبێ پێش بە گەندەڵی بگرین و جڤاتی خۆمان باش بناسین و نرخیان بۆ دابنێین، دەبێ هەمان نرخ و بەها کە لە باشوور دەیدەینە هاووڵاتییان، بۆ کوردانی باکوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی دابنێین و لەگەڵیان دابنیشن و ڕاوێژیان لەگەڵ بکەین و گرنگی بە خوێندکار و گەنجانی هەر سێ پارچەی دیکە بدرێت، با لە زانکۆکان بۆرسی تایبەتیان بۆ دابندرێت و سەنگ بۆ یەکتر دابنێین و یەکدی باش بناسین و چارەسەی کێشەکانی یەکتر بکەین".







باسنيوز
Top