كۆمەڵەی قوربانیان داوای قەرەبووكردنەوەی هەڵەبجەییەكان دەكات

	 كۆمەڵەی قوربانیان داوای قەرەبووكردنەوەی هەڵەبجەییەكان دەكات
ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی سەددام حوسێنی دیكتاتۆر لە لایەن هاوپەیمانانەوە ڕووخێندرا و كۆتایی بە دەسەڵاتی خوێنڕێژی هێندرا، كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەش، لە بەیانامەیەكدا لە ساڵڕۆژی ڕووخانی سەددامدا داوا دەكەن بەپێی یاسا حكوومەتی عێراق قەرەبووی قوربانیانی هەڵەبجە بكاتەوە.

كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، لە ساڵڕۆژی ڕووخاندنی ڕژێمی سەددام حوسێندا بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە: "9ـی نیسانی 2003 لەگەڵ بەچۆكداهاتنی پەیكەرێك لە چوارڕێیانی فیردەوس لە ناوەڕاستی بەغدا كە پەیكەرێك بوو لە شێوەی مرۆڤ، بەڵام لە ناوەڕۆكدا هێمایەك بۆ دڕندەیی و وەچەكوژی و ستەمكاری بوو، ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ڕووخانی حكوومەتەكەی سەددام حوسێن ناسێندرا و پاشان تاوانباران زیندانی كران و سزا دران، بەم دیمەنەش خەونی ملیۆنان هاووڵاتیی ستەمدیدە هاتە دی".

هەر لە بەیانامەكەی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجەدا، كە وێنەیەكیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ناردووە، ئاماژە دراوە: "داوا لە دەسەڵاتدارانی حكوومەتی ئێستای عێراق دەكەین كە قەرەبووی كەسوكاری شەهیدان و زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمەكەی سەددام حوسێن بكاتەوە، هەروەها یاساكانی تایبەت بە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووان بخەنە واری جێبەجێكردنەوە".

ڕوونیش كراوەتەوە: "وەك كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە، داوا دەكەین بەرپرسانی باڵای عێراق هاوكار بن لە جیبەجێكردنی یاساكانی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێم لە هەرێمی كوردستانیش، كە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە ژمارە (20)ی ساڵی (2009) و ژمارە (16) لە ساڵی (2010)دا دەركراون، كە حكوومەتی عێراق بە پشتبەستن بەم یاسایانە قەرەبووی زیانلێكەوتووانی ناوەڕاست و باشووری عێراقی كردووەتەوە (وەك قوربانیانی دووجەیل و ڕاپەڕینی شەعبانییە)، بۆیە پێویستە قوربانیانی هەرێمی كوردستانیش قەرەبوو بكرێنەوە".

كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە دەشڵێ: "داوا لە فڕاكسیۆنە كوردییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و وەزیر و نوێنەرانی كورد لە بەغدا دەكەین، پرسی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی ڕژێمی سەددام حوسێن بكەنە ئەجێندای كارەكانیان و هەوڵی جیددی بدەن بۆ وەرگرتنەوەی مافی قوربانیانی كوردستان"
kdp-
Top