گرتەیەکی نهێنیی ڤیدیۆیی نەوشیروان مستەفا کێشەیەکی نوێ لە نێوان یەکێتی و گۆڕان درووست دەکا

گرتەیەکی نهێنیی ڤیدیۆیی نەوشیروان مستەفا کێشەیەکی نوێ لە نێوان یەکێتی و گۆڕان درووست دەکا
بڵاوکردنەوەی تۆمارێکی ڤیدۆیی، کێشەیەکی نوێ لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درووست دەکات، لە کاتێکدا کە چەند ڕۆژێکە کێشەی هەردوولا لەسەر پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەری هەڵداوە.

پاش ئەوەی یەکێتی ڕێککەوتنی خۆی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند و بانگەشەی ئەوەی کرد کە دەیەوێت پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی هەرێمی کوردستان درووست بکرێت، کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان ڕايگەیاند کە زیادکردنی ئەو پۆستە لەم دۆخە ئابوورییەی کوردستان پێویست نییە و دەبێتە هۆی بەهەدەردانی سامانی گشتی، بۆیە دژایەتیی خۆی بۆ ڕاگەیاند. هەروەها چەندان سەرکردەی هەردوولا لەم چوارچێوەیەدا بە توندی وەڵامی یەکتریان دایەوە کە دوایینیان شێخ جەعفەر و خەلیل سەرکانی، بوون.

لە کاتێکدا هێشتا کێشەی پۆستەکە بەرەو گرژیی زیاتر هەنگاو دەنێت، ئارام ئەحمەد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە کەسێکی نزیک لە گرووپێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناسراوە و بەردەوام لە ڕێگەی جنێودانەوە پەیامەکانی دەگەیەنێت، تۆمارێکی ڤیدیۆیی بە نهێنی تۆمارکراوی نەوشیروان مستەفای بڵاو کردووەتەوە کە بە جۆڕێک مۆنتاژ کراوە، وەک ئەوەی بڵێت کە بەرپرسانی گۆڕان جنێو بە یەکتر دەدەن و بەو هۆیەشەوە لایەنەکان گاڵتەیان پێ دەکەن.

لە بەرامبەردا میدیای فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان و عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایانگەیاندووە کە لەو تۆمارە ڤیدیۆییەدا ئەو کەسەی نەوشیروان مستەفا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دەکات، بەرپرسێکی دەستەی کارگێڕیی یەکێتییە و قسەکانیشی لەبارەی کێشەی باڵەکانی یەکێتی و بێهیوابوونیەتی لە بەردەوامبوونی ڕێککەوتننامەی دەباشانی نێوان یەکێتی و گۆڕان.











باسنيوز
Top