پەرلەمان و حکوومەت لەبارەی یاسایەکی پەیوەندیدار بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کۆدەبنەوە

پەرلەمان و حکوومەت لەبارەی یاسایەکی پەیوەندیدار بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کۆدەبنەوە
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، سەبارەت بە وەرگرتنی سەرنج و بۆچوون لەبارەی یاسایەکی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێدواویستیی تایبەت، کۆبوونەوە لەگەڵ ڕێکخراو و هەموو دەزگاکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکەین.

زانا مەلا خالید، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی ڕايگەیاند: "کاتژمێر ١٠:٣٠ی ڕۆژی چوارشەممە لێژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لەگەڵ هەموو دەزگاکانی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەکانی NGO لە بواری خاوەن پێداویستیی تایبەت کۆ دەبینەوە و گفتوگۆیەکی کراوە دەکەین، بۆ ئەوەی بزانین ئەولەویەتی ئەوان چییە و بۆ کوردستان چی گرنگە، بۆ ئەوەی لە نەخشەڕێگای خۆمان ئەوە بکەینە ئەولەویەت".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی "ئێمە ویستمان ستراتیژیی ئەم خولەی پەرلمان وەک خولەکانی پێشتر نەبێ، واتە پێش ئاگاداربوونی لایەنی پەیوەندیدار پرۆژە یاسایەک لە بەرنامەی کار دانێین و بیکەینە یاسا، دوای ئەوە خاوەن پێداویستیی تایبەت دونیایەک تێبینی لەسەر هەیە و جارێکی دیکە هەموار بکرێتەوە".

ئاماژەی بەوەش دا: "یاسایەکی خاوەن پێداویستیی تایبەت هەیە، لە ڕاگەیاندنەکان داوای هەمواری ئەو یاسایە دەکرێت، بەڵام کەس نەهاتووە بڵێ ئەو یاسایە هەموار بکرێتەوە، بۆیە لەو دانیشتنەدا با تێبنیی خۆیان لەسەر بڕگەکانی یاساکە بخەنە ڕوو".











باسنيوز
Top