فەرماندەی هەسەدە ستایشی رۆڵی پێشمەرگە لە رزگارکردنەوەی کۆبانێ دەکات
مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە ئاهەنگێکدا لە کۆبانێ، رایگەیاندووە، ئەو هێزەی پێشمەرگە، کە لە باشووری کوردستانەوە بۆ پاڵپشتیی شەڕڤانان چوونە کۆبانێ رۆڵیان لە شکستهێنان بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەو شارەدا هەبوو.
مەزڵوم کۆبانێ جگە لە ستایشی پێشمەرگە، ستایشی ئەو چەکدارە بیانییانەشی کردووە، کە لە سەرانسەری دونیاوە بۆ شەڕی دژی داعش، هاتنە پاڵ کورد.
لە کۆتایی ساڵی 2014، داعش هێرشێکی فراوانی کردە سەر شاری کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان و زۆرینەی ناوچەکانی شارەکەی داگیر و وێران کرد.
لە رۆژی 28-10-2014، بە بڕیاری سەرۆک مەسعود بارزانی و پەسەندکردنی بڕیارەکە لە پەرلەمانی کوردستان، هێزێکی پێشمەرگە بەناو خاکی باکووری کوردستان و تورکیاوە، بۆ پاڵپشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، چوونە کۆبانێ و بەشداریی شەڕی دژی داعشیان لە رۆژئاوای کوردستان کرد.
لە سەرەتای ساڵی 2015، هێزەکانی یەپەگە بە پاڵپشتیی پێشمەرگە، شاری کۆبانێیان بە تەواوی رزگار کردەوە و شکستیان بەو رێکخراوە تیرۆریستییە هێنا.
باسنيوز
