سیاسەتمەدارێکی فەرەنسی بۆ کورد: تا کۆتایی لەگەڵتان دەبین

سیاسەتمەدارێکی فەرەنسی بۆ کورد: تا کۆتایی لەگەڵتان دەبین
سیاسەتمەدارێکی فەرەنسی رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی تا کۆتایی لەگەڵ گەلی کوردستان دەبێ لە شەڕی دژی تیرۆر.

بێرنارد کۆشنێر، وەزیری پێشووی دەرەوەی فەرەنسا و سیاسەتمەداری ناسراوی ئەو وڵاتە لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە سەرۆکەوتن بەسەر رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، رایگەیاند، شەڕی دژی تیرۆر هێشتا تەواو نەبووە.

بێرنارد کۆشنێر لە رێوڕەسمەکەدا، کە رۆژی دووشەممە 8-4-2019 لە شاری کۆبانێ ساز کرا، رۆڵی هێزە کوردییەکانی لە شەڕی دژی داعش بەرز نرخان و رایگەیاند، ”ئێوە شەڕی دژی تیرۆرتان کرد، ئەو تیرۆرەی هەڕەشەی لە هەموو جیهان دەکرد.

ئەو سیاسەتمەدارە فەرەنسییە، کە لە سەردەمی خەباتی شاخی باشووری کوردستانەوە دۆستی گەلی کوردستانە، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لەو کاتەی هێزە کوردییەکان شەڕی دژی داعش و تیرۆریان دەکرد، دڵ و چاوی هەموو ئازادیخوازانی جیهان ببووە چەکی دەستی ئێوە“، وەک ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانانی رۆژئاوای کوردستان.

بێرنارد کۆشنێرجەختی لەوە کردووەتەوە، کە فەرەنسا تا کۆتایی شەڕی دژی تیرۆر و رزگاربوونی گەلی کوردستان لە تیرۆر، هاوکاریی و پاڵپشتیی کورد دەکات، ”لەگەڵتان دەبین“.

لە سەرەتای ساڵی 2015، هێزەکانی یەپەگە بە پاڵپشتیی پێشمەرگە، شاری کۆبانێیان بە تەواوی رزگار کردەوە و شکستیان بەو رێکخراوە تیرۆریستییە هێنا.

لە رۆژی 28-10-2014، بە بڕیاری سەرۆک مەسعود بارزانی و پەسەندکردنی بڕیارەکە لە پەرلەمانی کوردستان، هێزێکی پێشمەرگە بەناو خاکی باکووری کوردستان و تورکیاوە، بۆ پاڵپشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، چوونە کۆبانێ و بەشداریی شەڕی دژی داعشیان لە رۆژئاوای کوردستان کرد.

داعش لە مانگی شەشی 2014 زۆرینەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانی داگیر کرد و هەرەسی بە سوپای عێراق هێنا، کە پاراستنی ئەو ناوچانەیان لە ئەستۆ بوو. دوای چەند مانگێک، پێشمەرگە هەموو ناوچە کوردستانییەکانی رزگار کردەوە و شکۆی داعشی تێکشکاند.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.

لە کۆتایی مانگی ئاداری ئەمساڵ، هەسەدە رزگارکردنەوەی دوایین ناوچەی داگیرکراوی لەژێر دەسەڵاتی داعش راگەیاند و کۆتایی بە بوونی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، هێنا.

لە شەڕی دژی داعش، فەرەنسا بە بۆردومانکردنی ئاسمانیی بنکە و بارەگاکانی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان، مەشقکردن بە پێشمەرگە و ناردنی چەک و تەقەمەنی، هاوکاریی گەلی کوردستانی کرد.










باسنيوز
Top