پاش تێکدانی یەکلیستیی ئیسلامی حزبە ئیسلامییەکان متمانەیان بە کۆمەڵ نەماوە
لە دوای هەڵبژاردنەکان، کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەوە دڵنیا بووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە کابینەی نوێی حکوومەتدا بەشداری پێ ناکات، بۆیە لە دەرگای چەندین لایەنی داوە و جگە لە گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هیچ لایەن و حزبێکی دیکە دەرگای لێکنزیکبوونەوەیان لە کۆمەڵ نەکردووەتەوە. دوایین هەوڵی حزبەکەش، کۆبوونەوەی بەرپرسانی کۆمەڵ بوو لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بەغدای پایتەختی عێراق.
بەپێی زانیارییەکانی (باسنیوز)، یەکگرتوو، پێیوایە کە کۆمەڵی ئیسلامی لەبەر بەرژەوەندیی خۆی، نەیهێشتووە پڕۆژەی یەکلیستیی ئیسلامییەکان سەربگرێت و ئەوەش هۆکار بووە کە حزبە ئیسلامییەکان لە هەڵبژاردندا دەنگەکانیان لە ئاستی چاوەڕوانییەکانیاندا نەبێت.
لەمبارەیەوە ئەبوبەکر ھەڵەدنی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕايگەیاند: "یەکگرتوو زۆر ھەوڵی ئەوەی دا لیستێکی ھاوبەش لەنێوان حزبە ئیسلامییەکانی کوردستان، بۆ ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان پێک بھێندرێت، بێگومان ئەوە حەز و خۆزگەی ھەموومان بووە، بەڵام ھەر یەکەمان لەشوێنی خۆمانەوە بەرپرسیاریەتیی پێکنەھێنانی لیستی ھاوبەشمان بەر دەکەوێت“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر کۆمەڵی ئیسلامی ”لەگەڵ پێکھێنانی لیستی ھاوبەش بووایە“، دەنگی ئیسلامییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی دەکرد. گوتیشی: ”یەکگرتوو و بزووتنەوە داوایان لە کۆمەڵی ئیسلامی کرد، بەشداریی لیستە هاوبەشەکەیان بکەن، بەڵام ئەوان پێیان باش بوو بە تەنھا بەشداریی ھەڵبژاردن بکەن، بۆیە ئەگەر ئەوان بەشداریی ئەو لیستەیان بکردایە، بە قازانجی خۆیان دەشکایەوە و دڵی ئیسلامییەکانیشیان خۆش دەکرد“.
بە بڕوای ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئیسلامییەکان ”پێیان خۆش بێ یان نا“، دەبێ لە داهاتوودا کاری جددی بۆ پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش بکەن“.
باسنيوز
