خەسرۆ گۆران: دوو پێشنیاز لەبارەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ھەیە
خەسرۆ گۆران، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنەکانی ئەو حزبە، گوتی: ھیچ بڕیارێک نەدراوە ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت، تەنیا پێشنیارە لە ١٦ی ١١ی ٢٠١٩ ھەڵبژاردن بکرێت، ئەمەش پێشنیاری کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقە، ھێشتا نە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نە سەرۆک وەزیرانی عێراق، رای خۆی لەسەر ئەو بۆچوونە نەداوە، بەڵام دوو بۆچوون لەناو پەرلەمانی عێراق ھەیە، ھەندێک لایەنە دەیانەوێت لە کۆتایی ئەمساڵ ھەڵبژاردنەکە بکرێت و ھەندێک پێیان وایە کە دەبێت لە ٢٠٢٠ ئەنجام بدرێت“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ”جارێ زووە“ پارتی بۆچوونی خۆی لەمبارەیەوە دەرببڕێت، ھەر کاتێک بڕیار درا کە ھەڵبژاردنەکە بکرێت، ”ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت".
خەسرۆ گۆران نەیشاردەوە کە بەم دۆخەی ئێستاوە، ھەموو قەوارە سیاسییەکانی کوردستان لە کەرکووک، خانەقین، شنگال و مەخمووردا ”دەنگی کەمتر دەھێنن“. بۆیە ”بەبێ ئاسایی کردنەوەی دۆخەکە، زەرەرمەندی یەکەم لە ھەڵبژاردندا کورد دەبێت“.
جەختیشی کردەوە کە دەبێ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دوای پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، ھەوڵ بدات دۆخەکە لەو ناوچانەی کە لە دوای ١٦ی ئۆکۆتبەردا گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، ئاسایی بکرێتەوە، جگە لەوەی کۆمەڵێک دۆسیە لەنێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە کە پێویستی بەھەنگاوی جدییە، بەشێک لەوانەش بابەتی (نەوت، پشکی ھەرێمی کوردستان، مووچەی پێشمەرگە و بابەتی ماددەی ١٤٠)ن.
باسنیوز
