سبەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان پەسەند دەکرێت

 سبەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان پەسەند دەکرێت
وا بڕیارە لە دانیشتنی سبەی چوارشەمەی پەرلەمانی کوردستاندا، پرۆژەی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان پەسەند بکرێت.



بەپێی زانیارییەکان، کە لە سەرچاوەی ئاگەدار لە رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی پێی دراوە، واژووکردنی رێککەوتنەکەی نێوانیان بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوا ناکەوێت و ھەر لەم ھەفتەیەدا ئەنجام دەدرێت.



سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، وا بڕیارە ئەمڕۆ سێشەمە یان، دانی بەیانیی سبەی چوارشەممە، ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و پارتی واژۆ بکرێت، واتا ھەموو ھەوڵێک بۆ ئەوەیە واژۆکردنی رێککەوتنەکە پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بێت.



ھەمان سەرچاوە جەختی لەوەش کردەوە، کە ھیچ گرفتێک بۆ رێککەوتنەکەی پارتی و یەکێتی نەھاتووەتە پێشەوە و پارتی و یەکێتی و گۆڕان لەسەر ئەوە رێک کەوتوون، کە کارە یاساییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەناو پەرلەمانی کوردستان و راسپاردنی کاندیدی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن، ھەر لەم مانگەدا ئەنجام بدرێن.



لە لایەکی ترەوە بەپێی زانیارییەکانی (باس)، لەناوخۆی یەکێتیدا پرسی کاندیدە وەزارییەکان و پۆستە باڵاکان تاوەکوو ئێستا یەکلا نەبووەتەوە، کە وا بڕیارە سەرکردایەتیی یەکێتی کاندیدە یەکەمەکانیان یەکلا بکاتەوە.



سەبارەت بە بزووتنەوەی گۆڕانیش، بۆ ھەندێ لە پۆستەکان چەند کاندیدێک ھەیە، کە وا بڕیارە لە دەنگدانی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕاندا یەکلا بکرێنەوە.



سەرچاوەیەکی باڵاش لە بزووتنەوەی گۆڕان، کە پێی باش نەبوو ناوی بھێنرێت، بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە یەکێتی داوای کردووە یاریدەدەرێکی دیکە بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێت و لە پڕۆژە پێشنیازی یاسای سەرۆکایەتیدا، کە وا بڕیارە سبەی چوارشەمە پەسەند بکرێت، ئاماژەی پێ بدرێ، بەڵام سەرکردایەتیی گۆڕان ئەو پێشنیازەی یەکێتی رەت کردووەتەوە.



پێوەند بە پارتی دیموکراتی کوردستانیش، ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی باسی لەوە کرد کە تا ئێستا کاندیدەکان بۆ ھیچ پۆستێکی حکوومەتی ئایندە یەکلا نەکراونەوە و ئەو ھەواڵانەی بڵاو دەکرێنەوە، ھەندێ مەزندەی کەسیی تایبەتن و ھەروەھا ھەواڵی سۆشیال میدیایین. ھەندێ لەو کەسانەی کە ناویان ھاتووە راستە بۆ کابینەکانی پێشتریش پاڵێوراو بوونە، بەڵام لەناو پارتیدا پرەنسیپێک ھەیە کە بە دوای کاندیدی گونجاودا دەگەڕین بۆ پۆستەکان نەک بەدوای پۆستەکاندا بگەڕێن بۆ ھەندێ لە کەسەکان”.



پێوەند بە ڕێککەوتنەکەی نیوان یەکیتی و پارتییش، د. کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، کە گرفت لە رێککەوتنی پارتی و یەکێتیدا نییە، بەڵکوو میدیاکان ھەندێک بابەت بە زانیاریی ھەڵەوە بڵاو دەکەنەوە.



لای خۆشیانەوە، لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی، دوێنی دووشەمە بە میدیای فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە، بەم نزیکانە رێککەوتنەکەی نێوانیان لەگەڵ پارتی واژۆ دەکەن.



لەبارەی دانیشتنی سبەی پەرلەمانی کوردستانیشەوە، جەلال محەمەد ئەمین، پەرلەمانتاری گۆڕان لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، بۆ (باس) پێداگریی لەوە کرد کە کارە یاساییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێن، گوتیشی: “ئێمە لای خۆمانەوە وەکوو لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان، دوا قۆناغەکانی پێشنیازی ھەمواری یاسای دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانمان، بە کۆی را جیاوازەکانەوە رادەستی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کردووە، کە وا بڕیارە سبەی چوارشەممە پەسەند بکرێت”.



ئاماژەی بەوەش دا، ھەموو رایەکان کۆکن لەسەر ئەوەی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ھەڵبژێردرێت، گوتی: “لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا دەردەکەوێ، دەنگدان بە سەرۆک بەئاشکرا یان بەنھێنی دەبێت و ماوەی یاسایی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان تا کەی دەبێت و ھەموو ئەو وردەکارییانە یەکلا دەکرێنەوە، کە لە رای پەرلەمانتاران لە کۆبوونەوەی رابردوودا وەرگیراون، جگە لەو رایانەی، کە یاسایی نەبوون، لە پڕۆژەکەدا دەرھێنراون”.



ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش دا، دوای پەسەندکردنی پڕۆژەکە، سێ رۆژ لەبەردەم لایەنەکاندایە بۆ پێشکەشکردنی کاندید و سی ڤییان بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، دواتر دوو رۆژ بۆ تانە لێدانیان ئەگەر رەت کرایەوە، گوتیشی: “بە چەند مەرجێک سی ڤی لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەردەگیرێت، لەوانە تەمەنی لە ٤٠ ساڵ زیاتر بێت و بە ھیچ تاوانێکی ئابڕووبەر سزا نەدرابێت و ئاستی خوێندەواریشی لەبەرچاو دەگیرێت”.



ئاماژەی بەوەش دا، بەپێی ئەو ماوەیەی لەبەردەستە، لە کۆتایی ھەفتەی داھاتوودا، یان سەرەتای دوو ھەفتەی داھاتوو، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەستبەکار دەبێت و دواتریش کاندیدی براوەی یەکەمی ھەڵبژاردن بۆ پێکھێنانی کابینەکەی رادەسپێردرێت.



بەپێی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان، دوای خوێندنەوەی دووەمی ھەر پرۆژەیاسایەک، دەبێ لە ماوەی کەمتر لە ٧ رۆژ خوێندنەوەی سێیەم بۆ پرۆژەکە بکرێ و ھەموارەکە پەسەند بکرێـت، پێشنیازی ھەر پەرلەمانتارێک زۆرترین پشتگیریی ھەبێت، دەخرێتە دەنگدانەوە.



لە خوێندنەوەی سێیەمدا، گفتوکۆ لەسەر ماددەکانی پرۆژەکە ناکرێت و تەنیا دەخرێتە دەنگدانەوە، بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران پرۆژە پێشنیازکراوەکە پەسەند دەکرێت.










باسنیوز
Top