هۆشیار سیوەیلی: لە دواقۆناغەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ نزیك بووینەتەوە
سەرەتا هۆشیار سیوەیلی بە ناوی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتییەوە بەخێرهاتنی ئۆلێگ لێڤین، كۆنسووڵی گشتیی رووسیای فیدراڵی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.
لەو دیدارەدا باس لە پەیوەندیی لەمێژینەی گەلی كوردستان و رووسیا كرا، كە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە، سیوەیلی سوپاسی گەل و حكوومەتی رووسیای كرد كە هەمیشە تێگەیشتنی باشیان بۆ دۆزی گەلی كوردستان هەبووە.
ئۆلێگ لێڤین، كۆنسووڵی گشتیی رووسیای فیدراڵ، سوپاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی كرد بۆ دووپاتكردنەوەی پاڵپشتی لە ئەرك و چالاكییەكانی كۆنسووڵخانەی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان.
ئەو هەروەها رۆڵی ژەنەڕاڵ بارزانی بە گرنگ وەسف كرد لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی گەلی كوردستان و ناساندنی دۆزی گەلی كوردستان بە وڵاتەكەی.
لە میانەی ئەو دیدارەدا، باس لە پەیوەندییەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان و رووسیای فیدراڵ كرا و بە پەیوەندییەكی كاریگەر و بەسوود بۆ هەردوولا لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە ناوزەد كرا. كۆنسووڵی گشتی رووسیاش پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ گەل و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، تیشك خرایە سەر پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و سیوەیلی باسی لە روئیا و بۆچوونی سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق كرد، كە جیاوازە لەوانی پێش خۆی و ئەمەش هاوكار دەبێت بۆ تێپەڕاندنی گرفت و چارەكردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر.
دەربارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی ڕایگەیاند: "خۆشبەختانە ئێستا دەتوانین بڵێین كە لە دواقۆناغەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ نزیك بووینەتەوە".
ئاڵۆزیی ئێستای ناوچەكە، بەشێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و ئۆلێگ لێڤینیش رایگەیاند، وڵاتەكەی لە هەموو بارودوخێكدا رەچاوی مافەكانی گەلی كوردستان دەكات، هیوای بەدەوامبوونی سەقامگیری و بەرەوپێشچوونیشی بۆ هەرێمی كوردستان خواست.
kdp-
