سەرۆکی لێژنەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: باندی مافیایی لە سلێمانی هەن

سەرۆکی لێژنەیەکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: باندی مافیایی لە سلێمانی هەن
پاش ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنی باندێکی کوشتنی خەڵک لە سلێمانی، ئاشکرا دەبێت کە یەکێک لە ئەندامانی باندەکە کارمەندی دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی بووە. سەرۆکی لێژنەیەکی ئەنجومەنی پارێزگاکەش ئاشکرای دەکات کە لە سلێمانیدا ”باندی مافیا هەن“.

دوێنێ یەکشەممە ٧ی نیسانی ٢٠١٩، دەستگیرکردنی باندێکی مەترسیداری کوشتن و دزیکردن لە سلێمانی ئاشکرا کرد کە دوو کەسیان کوشتووە و ئۆتۆمبێلەکانیان ڕفاندووە. جگە لەوەی کاری ناشایستەشیان بەرامبەر بە خەڵک ئەنجام داوە. یەکێک لە ئەندامانی ئەو باندە، ناوی ئەحمەد هاشمە کە باوکی ئەفسەری دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانییە و خۆیشی کارمەندی هەمان دەزگایە و پاسەوانی باوکیەتی.

لەمبارەیەوە بەرزان حەمید، سەرۆکی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕايگەیاند، ئەو باندەی لەشاری سلێمانی دەستگیر کراون، باندێکی مەترسیدار بوون.

ئاماژەشی بەوە کرد کە ”سلێمانی دۆخێکی تایبەتی ھەیە و ھەندێکجار ئەو باندە مافیاییانە کاتێک دەزانن ململانێیەکی توند لە شارەکە ھەیە، ھەوڵی ئەوە دەدەن کە سوود لەو ناکۆکییانە وەربگرن، بۆیە زۆر جار ئەو باندانە کاری نەشیاو ئەنجام دەدەن".

سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئاشکرای کرد، لە شاری سلێمانی ”باندی مافیا ھەیە“. گوتیشی: ”ئەوانەش کە دەستگیر دەکرێن، نیشانەی ئەوەیە باندی مافیان و ڕەنگە باندی مافیای دیکەش ھەبێت و بۆ ئایندەش باندی مافیای دیکە دروست ببێت، بۆیە ئەرکی دەزگا ئەمنییەکانە ھەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی تاوانی قورس ئەنجام دەکەن".

بە گوتەی بەرزان حەمید، دیارەدەی چەکھەڵگرتن لە ھەرێمی کوردستان، دیارەیەکی بەربڵاوە. بۆیە بە پێویستی دەزانێت کە هەڵگرتنی چەک سنووردار بکرێت و دەزگا ئەمنییەکان ڕێگە نەدەن ھاووڵاتییان چەک ھەڵبگرن، چونکە ”ھەڵگرتنی چەک ھۆکاری سەرەکییە بۆ ئەنجامدانی کاری کوشتن، بێگومان ئەگەر ھەڵگرتنی چەک قەدەغە بکرێت، ئەوکاتە حاڵەتەکانی کوشتن کەم دەکرێنەوە".











باسنيوز
Top