پەرلەمانتارێکی گۆڕان: زیاتر لە ٢٤٠ تریلیۆن دیناری حکوومەت لای چەند سەرمایەدارێکی سلێمانییە

 پەرلەمانتارێکی گۆڕان: زیاتر لە ٢٤٠ تریلیۆن دیناری حکوومەت لای چەند سەرمایەدارێکی سلێمانییە
ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ئاشکرای کرد، تەنیا لە پارێزگای سلێمانیدا، حکوومەت زیاتر لە ٢٤٠ ترلیۆن دیناری لای چەند سەرمایەدارێکە و لە چەند بڕیار و ڕێنماییەکدا لەلایەن حکوومەت و وەزارەتی داراییەوە، داوای قەرزەکانیان لێ کراوەتەوە و کات و وادەشیان تەواو بووە، بەڵام ئەو پارانەیان نەگەڕاندووەتەوە.





دابان محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: "قەرزی حکوومەت لای سەرمایەداران و وەبەرھێنەران، سەرووی نیو ترلیۆن دینارە، تەنیا لە پارێزگای سلێمانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٤٧ ترلیۆن دیناری لای چەند سەرمایەدارێکە، چارەکی ئەو مەبلەغەشی لای کەسانێکن، ئێستا بە حیساب نوێنەرەکانیان داکۆکی لە ھاووڵاتییان دەکەن".



ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش داوە، "ئەو سەرمایەدارانەی قەرزاری حکوومەتن، لە کاتی خۆیدا پارەکانیان بە سوودێکی ڕەمزی و بە پشتیوانیی بەرپرسانی حزبی و حکوومی وەرگرتووە، چەند جارێک لە چەند بڕیار و ڕێنماییەکدا حکوومەت و وەزارەتی دارایی داوای قەرزەکانی لێ کردوونەتەوە، کات و وادەکەش تەواو بووە، بێ ئەوەی کەسیان دینارێک بەو بڕیارانە بپێوێت، بە پێچەوانەوە چاوپۆشی و نەرمی نواندن بۆ وەرگرتنەوەیان ھەیە".

پەرلەمانتارەکەی گۆڕان جەخت لەوەش دەکاتەوە، "لە کابینەی نوێدا چاودێرییەکی ورد دەبین بۆ وەرگرتنەوەی قەرزی سەرمایەدار و وەبەرھێنەران، تا دادگاییکردن و دەستبەسەرداگرتنی ڕەھن و حەپسکردنیان".



بەپێی زانیارییەکان، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی گرووپی نەوەی نوێ، یەکێکە لەو سەرمایەدارانەی سلێمانی کە لە سەردەمی کابینەکەی بەرهەم ساڵحدا، دەوروبەری ٤٠ ملیۆن دۆلاری لە حکوومەت بە قەرز وەرگرتووە و تاوەکوو ئێستاش ئەو پارەیەی بۆ حکوومەت نەگەڕاندووەتەوە.










باسنیوز
Top