بەشیر حەداد: بەدواداچوون بۆ زیانی لافاوەكان لە ھەرێمی کوردستان دەکەین

 بەشیر حەداد: بەدواداچوون بۆ زیانی لافاوەكان لە ھەرێمی کوردستان دەکەین
ئەمڕۆ یەكشەممە دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند بەدواداچوون بۆ زیانی لافاوەكان لە ھەرێمی کوردستان دەکەن.


لەمبارەوە دکتۆر بەشیر لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پەیوەندی بەهەریەكە لە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و قایمقامی دوکان و رواندز و چۆمان و سۆران و بەرێوەبەری ناحیەی ئاغجه‌له‌ر و بەرێوەبەری بەنداوی دوكان و دەربەندیخانەوە کردووە، بۆ بەدواداچوونی ئەو زیانانەی لە ھەمبەر گۆڕانکاری کەش و ھەوا و باران و لافاوەوه لە چەند دەڤەرێکی ھەرێمی کوردستان كەوتوونەتەوە.


لە پەیوەندییە تەلەفونەکانیدا، حەداد بە ناوی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە ئامادەیی نیشان داوە بۆ ھەر ھاوکارییەک له‌لایەن دام و دەزگاكانی عێراقەوه بۆ پێشگرتن و چارەسەری هەر مەترسییەك لەسەر بەنداوەكانی كوردستان و هاوكاری خەڵكی زیانلێكەوتوو كه به هۆی لافاو و زیادبوونی ئاوی بەنداوەكانەوه ناوچەکەی گرتووەتەوە.


جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی له تیمەكانی ئیداری و هونەری و بەرگری شارستانی، ئاماژەی بە پێکھێنانی شاندێكیش داوە له ئەندامانی پەرلەمان بۆ سەردانی كردنی ناوچەکان و بەرزكردنەوەی راپۆرتیكی تیروتەسەل به دۆخی ناوچەكان و قەبارەی زیانەكان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، به مەبەستی ئەنجامدانی كاری پێویست لەگەڵ لایەنه پەیوەندارەكانی عێراقدا.



باسنيوز
Top