شێخ ڕیاز: پارێزگاری کەرکووک ناتوانێت دەستکاریی زەویی جووتیارانی کورد بکات

شێخ ڕیاز: پارێزگاری کەرکووک ناتوانێت دەستکاریی زەویی جووتیارانی کورد بکات
بەگوێرەی بڕیارێکی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک ھەزاران دۆنم زەویی جووتیارانی کورد نەخراوەتە نێو پلانی کشتوکاڵی شارەکە بۆ ئەوەی بەرھەمەکانیان ڕادەستی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بکەن. جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵیش لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، ئەو زەویانە مڵکی جووتیارانی کوردە و پارێزگار ناتوانێت دەستکارییان بکات.

شێخ ڕیاز، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "ئەو زەویانە بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق مڵکی جوتیارانی کوردن، کە پێشتر لە سەردەمی ڕژێمی بەعس بە بڕیاری بەناو دادگای شۆڕش بەسەر خەڵکی دیکەدا دابەش کرابوون، بڕیاری زەوتکردنی ئەو زەویانە لە دەست پارێزگاری کەرکووکدا نییە، پارێزگار ناتوانێ دەستکارییان بکات، ئەو پارچەزەویانە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکانیان دەگەڕێتەوە."

جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو زەویانەی بە ناوی جووتیارانی کوردەوەن، ئەوان ئازادن لەوەی بەرھەمەکانیان بە کێ و چۆن دەفرۆشن، چونکە گرێبەستیان ھەیە و خۆم ئەندامی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقیشم."

بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق ساڵانە وەرگرتنی بەرھەمی جووتیاران بەپێی گرێبەستی جووتیارانە لەسەر بنەمای دابەشکاری بۆ ھەر پارێزگایەک ڕێژەیەک دیاری کراوە. شێخ ڕیاز گوتی: "سەیری مەلەفی ئەو زەویانەشم کردووە بەپێی ماددەی ١٤٠ی بۆ ھاووڵاتیانی کورد گەڕاوەتەوە، واتە بۆ خاوەنەکانیان، ھەر کێشەیەکی زەویوزاریش ھەبێت ئەوە بەپێی یاسا و دەستوور چارەسەر دەکرێت."
kdp-
Top