مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی ئەکادیمی و رۆشنبیری و نووسەرانی عەرەب کۆ بووەوە

مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی ئەکادیمی و رۆشنبیری و نووسەرانی عەرەب کۆ بووەوە
راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ئەکادیمی و رۆشنبیری و نووسەرانی عەرەب کرد.

ئەمرۆ یەکشەممە 7/4/2019، مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی ئەکادیمی و رۆشنبیری و نووسەرانی وڵاتانی عەرەبی بەشدار لە چواردەیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی كتێبی لە ھەولێر بە سەرۆکایەتی فەخری كەریم، سەرۆكی دەزگای مەدا بۆ ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیری و ھونەر کرد .

لەو دیدارەدا پەیوەندی هاوبەش و رۆڵی مێژویی نێوان هەردوو گەلی کورد و عەرەب لەلایەک و رەوشی رۆشنبیری و رۆڵی نووسەرانی لە قوڵکردنەوە و پتەوکردنی لێبوردەیی و یەکتر قبوڵ کردن و رەتکردنەوەی توندوتیژی و تیرۆر تاوتوێ کرا.

لەسەرەتای دیدارەکە مەسرور بارزانی وێڕای بەخێرهاتنی گەرمی شاندی میوان بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، کە گەلی کوردستان بە ناو و پێگەی ئەوان ئاشنایە و گوتی: "ئێوە لە رێگەی دەربڕین و قەڵەمەکانتانەوە دەتوانن رۆڵی کارا و ئەرێنی خۆتان لە قوڵکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و یەکتر قبوڵکردنی نێوان هەردوو گەلی کورد و عەرەب بگێڕن و یارمەتیدەر بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

لەبەشیکی دیکەی خستنەڕووی بۆچوونەکانی لەبارەی خەباتی هاوبەشی و پێکەوەیی نێوان گەلانی رەسەنی ناوچەکە، راسپاردەیەکی بارزانی نەمری بەبیر ئامادەبووان هێنایەوە، کە بەردەوام پێداگیر بووە لەوەی نابێت رێگە بدرێت خەبات و شەڕی نێوان شۆڕشی کورد لەگەڵ حکوومەتەکان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی ببێتە شەڕ و ناکۆکی نێوان گەلان.

هەر لەو دیدارەدا مەسرور بارزانی باسی لە مرۆڤدۆستی و بەخشندەیی و رەوشتی بەرزی گەلی کورد کرد، کە لە هیچ بارودۆخێکدا دەستبەرداری ئەو گیانە نەبووە و گوتی: "خزمەتکردنی برایانامان لەوانەی بە هۆکاری جودا پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، بە ئەرکی مرۆیی خۆمان دەزانین و بەشێکە لە فەرهەنگی گەلەکەمان".

هەروەها داوای لە ئامادەبووان کرد، پێویستە ببنە باڵیۆزی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانی برایانە و رایگەیاند، دەتوانین پێکەوە بەهێزتر و دەوڵەمەنتر بین بۆئەوەی وڵاتەکەمان ئاوەدانتر بکەینەوە.

لەبەشێکی دیکەدا مەسرور بارزانی ئاماژەی بە پێشڤەچوونی ئەرێنی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا دا و رایگەیاند، ئێمە بە کورد و عەرەبەوە بووینەتە قوربانی سیستمە دیکتاتۆریەکان و گوتی: "زۆرجار خەڵک کراوەتە قوربانی ئەجێندای سیاسیەوە. لەبارەی ژیان و گوزەرانی عێراقیانەوە جەختی لەوە کردەوە، کە عێراق لە رووی سامانی ئابووری و بەشەرییەوە دەوڵەمەندە، بەڵام کێشەی خراپ بەڕێوەبردنی هەیە. هەر لەم روانگەوە چارەسەرکردنی بنەڕەتیانەی کێشە سیاسیەکانی بە مەبەستی ساقامگیری و گەشەسەندنی عێڕاق بە پێویست زانی.

دواتر بەشێک لە ئامادەبووان تێبینی و بۆچوونەکانی خۆیان خستەڕوو و سەرسامی خۆیان بە پێکەوەژیانی برایانەی نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی ئاینزاکانی هەرێمی کوردستان و پێشکەوتن و بوژانەوەکان لە گشت بوارەکان، باتایبەتی بواری رۆشنبیری دەربڕی و ئاواتی سەکەوتنیان بۆ مەسرور بارزانی خواست لە ئەرکی نوێیدا بۆ زیاتر بوژانەوەی بوارەکان و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە نموونەیەکی پێشکەوتووی ناوچەکە

هەروەها پێشنیاری ئەنجامدانی فیستیڤاڵ و چالاکی دیکەی هاوشێوەی پێشەنگای کتێبیان کرد بە مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان و تێکەڵاوی زیاتری رۆشنبیران و نووسەرانی نێوان هەردوو گەل.











باسنيوز
Top