پەرلەمانتارێکی پارتی: بەدواداچوون بۆ دانانی سوو لە حاڵەتی دواخستنی گەڕاندنەوەی پێشینەکان دەکەین

پەرلەمانتارێکی پارتی: بەدواداچوون بۆ دانانی سوو لە حاڵەتی دواخستنی گەڕاندنەوەی پێشینەکان دەکەین
پاش ئەوەی گازاندەی ئەوە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە بەهۆی دواکەوتنی گەڕاندنەوەی قیستەکانی پێشینەی خانووبەرە، سووی خستووەتە سەر ئەو پێشینەیە، ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بەڵێنی بەدواداچوون دەدات.

ژمارەیەک لە چالاکوانانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وێنەی پسوولەیەکی پارەدانیان بڵاو کردەوە کە لە بانکی نیشتەجێ کردنەوە ڕۆژی ٤ی نیسانی ٢٠١٩ دەرکراوە و تێیدا جگە لەوەی کەسێک بڕی ٩٧٢ هەزار دیناری قیستی پێشینەی خانووبەرەی داوەتەوە، بڕی ١٢١ هەزار و ٥٠٠ دیناریش سووی (١٥٠) ڕۆژ دواکەوتنی لێ وەرگیراوە کە سەرجەمی پارەکەی یەک ملیۆن و ٩٣ هەزار و ٥٠٠ دینار بووە.

چاودێران باس لەوە دەکەن کە هۆکاری نەگەڕاندنەوەی پێشینەی خانووبەرە لەلایەن مووچەخۆرانەوە بۆ بابەتێکی دەرەوەی دەسەڵاتی خۆیان دەگەڕێتەوە و خۆیان دەستیان لەم دواکەوتنەدا نەبووە، چونکە حکوومەت مووچەی نەداوە، بۆیە پێیانوایە کە خستنە سەری ئەو بڕە سووە، پێویستە هەڵبوەشێتەوە.

لەمبارەیەوە بژار خالید، سەرۆکی لێژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد: ”بە سینگێکی فراوان و دەست خۆشییەکی زۆرەوە لە ڕێگەی (باسنیوز)ەوە ئەو بابەتە ببیستین، بۆیە ھەوڵ دەدەین و بەدواداچوونی جددیی دەکەین تاوەکوو ئەو بڕە پارەیە نەچێتە سەر گەڕاندنەوەی سوو“.











باسنيوز
Top