سلێمانی.. پێنج کەس دوای چوار ساڵ دزی و کوشتنی هاووڵاتییان دەستگیر کران
ئەمڕۆ یەکشەممە 7-4-2019، حەسەن نوری ، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕاگەیاند، پێنج کەسیان بە چەند تۆمەتێک دەستگیر کردووە، کە تۆمەتەکان بریتین لە رفاندن، کوشتن، دزینی ئۆتۆمبێل، دزینی پارە و جانتا.
حەسەن نوری هەروەها رایگەیاند، جگە لەو تاوانانە، ئەو پێنج کەسە ”کاری بەدڕەوشتییان کردووە و ئەو پارەیەی لە تاوانەکان بە دەستیان هێناوە، بۆ بەدڕەوشتی بەکاریان هێناوە“.
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە دەستگیرکراوەکان پیاوێکیان بەناوی تاریق لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو کوشتووە و ئۆتۆمبێلەکەیان بردووە، جگە لە کوشتنی کچێکی دیکە.
هەروەک حەسەن نوری رایگەیاند، ئەو گرووپە نزیکەی چوار ساڵە خەریکی دزی و تاوانن، بەڵام دەستگیر نەکرابوون و ئێستا دەستگیر کراون.
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاشکراشی کرد، کە گرووپەکە لە ساڵی 2017ـەوە دەستیان بە تاوانی دزینی ئۆتۆمبێل و کوشتن کردووە، پێشتر تەنیا دزیی بچووکیان ئەنجام داوە و لە 2017ـەوە هەوڵیان داوە جگە لە دزینی ئۆتۆمبێل، دەستدرێژیش بکەنە سەر خاوەن ئۆتۆمبێلەکان.
باسنيوز
