شێخ موزاحیم ئەلحوێت: ئاڵای کوردستان نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە ”بە عەرەبیشەوە“ دەکات.
شێخ موزاحیم ئەلحوێت، گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبییەکانی دەشتی نەینەوا راگەیاند، هەرێمی کوردستان هەرێمی دەستووریی و یاساییە و ئاڵای کوردستانیش نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە ”بە عەرەبیشەوە“ دەکات.
ئێوارەی رۆژی شەممە 5-4-2019، سەرۆک مەسعود بارزانی بە سەرۆکایەتیی شاندێک و بە بانگهێشتی فەرمیی شا عەبدوڵڵای دووەم، شای ئوردن، گەیشتە عەممانی پایتەختی ئەو وڵاتە.
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەلیا لە عەممان، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و ئاڵای ئوردن، شازادە فەیسەڵ بن حوسێن، برای شا عەبدوڵڵا پێشوازییەکی شاهانەی لە سەرۆک بارزانی کرد و تیمی پاسەوانی شەرەف سڵاوی سەربازییان لە سەرۆک بارزانی کرد.
شێخ موزاحیم ئەلحوێت هەروەها رایگەیاندووە، ”ئاژاوەگێڕ و نەزانەکان“، کە دژایەتیی دانانی ئاڵای کوردستان لە پێشوازیکردنی شاهانەی ئوردن لە سەرۆک بارزانی، دەکەن، ”جگە لە لێدوانی دڵڕەشانە هیچی دیکەیان پێ نییە“.
باسنيوز
