یەکێتیی بەڵێندەران: ئەم هەفتەیە ١٠٠ ملیۆن دۆلارەکەی حکوومەت خەرج دەکرێت
د. سەرۆ دزەیی، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەرانی کوردستان، ڕاگەیاند: دوای بەدواداچوونی ئێمە وەک یەکێتیی بەڵێندەران، فشارێکمان لە حکوومەت کرد کە ماوەی چوار ساڵە ھیچ بەڵێندەرێک پارەی لە حکوومەت وەرنەگرتووە، ئەوە بوو حکوومەت بەدەم داواکارییەکانمانەوە ھات، حکوومەت بڕیاری داوە کە بری ١٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران خەرج بکرێت“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ی نیسانی ٢٠١٩، پارەکە بگاتە بانکەکان، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆش نەگات، ئەوا تا ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو، پارەکە دەگات. گوتیشی: ”ئەو پارەیە بۆ سەرجەم بەڵێندەرانە کە پڕۆژەیان کردووە، جا پڕۆژەکە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بێت، یان پڕۆژەی وەزارەتەکان، یانیش پڕۆژەکانی پارێزگای هەولێر و پەترۆدۆلار و پرۆژەی راستەوخۆ“.
سەرۆ دزەیی ئاشکرای کرد کە لە هەولێر بانکی زاگرۆس، لە سلێمانی بانکی (ئاڵای هەرێم)، لە دهۆک (داس نیا)، بۆ دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە تەرخان کراون و بەڵێندەران دەتوانن لەو بانکانەوە پارەکانیان وەربگرن.
بە بڕوای سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی بەڵێندەران، ئەو بڕە پارەیە، دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان. ئەوەشی نەشاردەوە کە بەڵێندەران ملیارێک دۆلاریان لای حکوومەتە، هەرچەندە ”ئەو بڕە پارەیە ھەموو پڕۆژەکان ناخاتەوە کار، بەڵام ھەندێک پرۆژە ھەیە، پێویستی بە پارەیەکی کەمە، ئەمە وادەکات زۆر پڕۆژە جێبەجێ بکرێتەوە“.
باسنیوز
