دڵشاد شەهاب : پارتی بەهۆی پێداگریی یەکێتییەوە تا سەر بێ حکوومەت نامێنینەوە

 دڵشاد شەهاب : پارتی بەهۆی پێداگریی یەکێتییەوە تا سەر بێ حکوومەت نامێنینەوە
ئەندامێکی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند کە پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە، ناکرێت میللەت لەسەر پۆستێکی بەغدا بۆ لایەنێک کە شایستەی هەڵبژاردنیشی نییە، سزا بدرێت، بۆیە تا سەر بەهۆی پێداگرییەکانەوە پێکهێنانی حکوومەت دوا ناخات.



کەمێک لەمەوبەر و لە میانی پانێڵێکی دیداری سیاسیی ئەکادیمی لە شاری ئامێدی، دڵشاد شەهاب، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە چەند ڕۆژێک دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، پارتی دەیتوانی ئەو کارە بکات کە لە ١٨ی شوباتی ٢٠١٩دا لە پەرلەمانی کوردستان کردی، بەڵام ”ئێمە وەک پارتی، هەتا ئێستا هیچ بڕیارێکمان نەبووە کە بەبێ یەکێتی حکوومەت پێکبهێنین. بەڵگەی ئەوەش، ئەگەر ئەو بڕیارەمان هەبووایە، پێش سێ مانگ حکوومەت پێک بهێنین و بەپێی یاساکانی حکوومەت، بە ئاسایی دەمانتوانی ٥٠+١ درووست بکەین و حکوومەت پێک بهێنین“.



لەبارەی تێکەڵکردنی دۆسیەکانی هەولێر، کەرکووک و بەغدا لەلایەن یەکێتییەوە، ئەندامەکەی شاندی پارتی کە هاوکات ئەندامی سەرکردایەتیی حزبەکەشە ڕای گەیاند: ”تێبینیی ئێمە لەسەر ئەوەیە کە ناکرێت خەڵکی کوردستان سزا بدەین، سەرباری ئەو دۆخە سەختانەی بەسەر میللەتماندا هات، ئێستا ناکرێ لەپێناو پۆستی وەزیرێک لە بەغدا بۆ کام لایەنی سیاسی دەبێت، میللەتمان سزا بدەین. هەرێمی کوردستان چوار پارێزگایە، چ گوناحێکیان هەیە کە لایەنێک ئیستیحقاقی ئینتیخابیشی نییە و دەیەوێت پۆستێک لە بەغدا بهێنێت. خەڵکی کەرکووک چ سوودێک لەوە دەبینن کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوابخرێت بۆ ئەوەی لە دۆخێکی نائاساییدا بڵێت تەنیا دەبێت پارێزگار دابنرێت. ئێمە دژی ئەوە نین کە پارێزگاری کەرکووک بۆ کوردێک بێت، هیچ مەنتیقێکیش قەبوڵ ناکات پارتی پێی خۆش بێت عەرەبێک پارێزگاری کەرکووک بێت بەڵام کوردێک نەبێت“.



ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەوانەی داوای دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دەکەن، خۆیان ناتوانن بە ئازادی بچنە کەرکووکەوە، هەروەها سەرۆکی کاتیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک کە سەر بە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانە، بەهۆکاری سیاسی دۆسیەی یاسایی بۆ درووست کراوە و فەرمانی گرتنی هەیە. گوتیشی: ”هۆکاری سەرەکیی پێکنەهێنانی حکوومەت بەستنەوەی دۆسیەکان بووە لەلایەن یەکێتییەوە. لەکاتێکدا پارتی ئامادە بووە بۆ چارەسەری پارێزگاری کەرکووک و بەغدا، بەڵام تەنیا گوتوومانە کە نابێت خەڵکی خۆمان سزا بدەین و ڕێز لە دەنگی میللەتی خۆمان نەگرین“.



هەر لە وتەکانیدا دڵشاد شەهاب دووپاتی کردەوە کە پارتی باوەڕی بەوە هەیە، هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتی بەڕێوە ببات و بە زەروورەتیشی دەزانێت، بەڵام ”ئەمە مانای وا نییە کە تا سەر بێ حکوومەت بمێنینەوە. ئەگەر ناچار بین لەگەڵ لایەنەکانی دیکە حکوومەت پێک بهێنین، ئەوا لە داهاتوو ئەو هەنگاوە دەنێین کە هیوادارین ئەو هەنگاوە نەنێین و ناشمانەوێت. بەڵکوو بەهیواین لەم ڕۆژانە بگەینە ئەنجامێک. چوار مانگە پارتی سەلماندوویەتی کە نیەتی نییە هیچ لایەنێک تێپەڕێنێت. بەڵام پارتی ناچارە ڕێز لە ڕای ٤٥٪ی خەڵکی کوردستان بگرێت کە بەشدارییان لە هەڵبژاردن کرد و دەنگیان بە پارتی دا“.







باسنیوز
Top