نەجمەدین کەریم پارێزگاری شەرعیی کەرکووک: پێویستە ئەوانەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بەشدار بوون پۆستی حکوومییان پێ نەدرێ

 نەجمەدین کەریم پارێزگاری شەرعیی کەرکووک:  پێویستە ئەوانەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بەشدار بوون پۆستی حکوومییان پێ نەدرێ
پارێزگاری شەرعیی کەرکووک هۆکاری پێداگریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی لەسەر دانانی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک ئاشکرا کرد و بەپێویستی زانی لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا ئەوانەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بەشدار بوون، پۆستی حکوومییان پێ نەدرێت.



نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی کوردیی ئاژانسی (دەنگی ئەمریکا) ڕای گەیاندووە، هۆکاری ئەنجامدانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەلایەن چەند کەسێکی ناو یەکێتی، ”بەرژەوەندیی شەخسی و کێشە و ناکۆکیی نێوخۆیی یەکێتی بوو“.



ڕوونی کۆدەوە کە لەم کاتەدا دانانی پارێزگارێکی کورد ”یەکێتی بێت یان پارتی“ هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، چونکە ئێستا دەسەڵات لای پارێزگار نییە و سوپای عێراق لە شارەکەدایە و حەشدی شەعبیش بە گرووپی جیاجیا لەنێو شارەکەدان. هەروەها ھێزێکی دیکە بووەتە شوێنگرەوەی دژەتیرۆی عێراقی لە کەرکووک کە ”زۆر لە دژە تیرۆر خراپترە و خەڵکی بێزار کردووە، ھەڵدەکوتنە سەر ماڵە کوردەکان، پارێزگاریش ھیچ دەسەڵاتێکی نییە".



نەجمەدین کەریم نەیشاردووەتەوە کە سووربوونی یەکێتی لەسەر دانانی پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکووک، ”بۆ داپۆشینی ئەو کارە خراپەیە کە کرا کە بەبۆچونی من و زۆربەی خەڵکی کوردستانیش خیانەت بوو“.



پارێزگاری شەرعیی کەرکووک نەیشاردووەتەوە کە پارتی وەک گەورەترین هێزی کوردستان، هەرچەندە توانیویەتی پەرلەمان کۆبکاتەوە و دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرێت، بەڵام خۆی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و بەشێک لە سەرکردەکانی پارتی دانیشتووە و بۆی دەرکەوتووە کە ئەوان ”بەخەم ئاساییکردنەوەی دۆخەکە و ئەو یەکڕیزییەن کە ھەندێک خەڵکی تر بوونە ھۆکاری پەرتەوازەیی“.



نەجمەدین کەریم پێیوایە کە کارێکی باشە پارتی لەگەڵ یەکێتی و کۆمەڵ و گۆڕان و سۆسیالیست و لایەنەکان گفتوگۆ دەکات و بەشدارییان پێ دەکات لە حکوومەتدا، بەڵام ”ئەو کەسانەی کە دەوری سەرەکییان ھەبووە لەوکارەی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بوونە ھۆی ئەوەی ئەمرییان کرد بە سەرکردەکانی پێشمەرگە کە بکشێنەوە و پشتی پێشمەرگەکانی تر و خەڵکی تر بەربدەن، دەبێت پێداگری بکەن کە ئەمانە بەشداری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا نەکەن، چونکە بەیانی ھەمان کار دەکەنەوە بەبێ ئەوەی بەخەیاڵیاندا بێت“.



داواشی لە یەکێتی کرد، خۆی بە کاری چەند کەسێکەوە نەبەستێتەوە کە بوونە ھۆی لەدەستدانی نیوەی خاکی ھەرێمی کوردستان.



هەر لە چاوپێکەوتنەکەیدا پارێزگاری شەرعیی کەرکووک ڕەتی کردووەتەوە پارتی داوای لێکردبێت کە ببێتە ئەندامی حزبەکە. دەشڵێت: ”پۆستیشم نەخراوەتە بەردەم، من کەسێکی سەربەخۆم و کار بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەم“.





باسنیوز
Top