عارف تەیفوور: پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتیی ئاسایی و بەردەوامە

عارف تەیفوور: پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتیی ئاسایی و بەردەوامە
بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-ھەڵەبجە گوتی، پەیوەندییان لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەپچراوە و بەردەوامە و پەیوەندیەکانیش ئاسایی و زۆر باشن، وەک ئەوە نییە لە ھەندێک میدیا بڵاو دەکرێتەوە و پەیوەندیی تەلەفۆنییش لە نێوانیاندا ھەر ھەیە.

بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی-ھەڵەبجە، عارف تەیفوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پەیوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆر ئاسایین و بەردەوامیش پەیوەندیمان ھەیە و ھیچ کێشەیەکی وەک تێکچوونی پەیوەندی لەئارادا نییە و پەیوەندیی تەلەفۆنییش لە نێوانماندا ھەیە."

تەیفوور باسی لەوەش کرد: "کێشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چارەسەر دەکرێن و ئەو قۆناغەی ئێستا ھەیە تێدەپەرێت، چونک کێشەکان ھێندە گەورە نین کە چارەسەر نەکرێن."

عارف تەیفوور گوتی: "پەیوەندیی ئێمە لە سنووری سلێمانییش لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانیش ھەر بەردەوامە و پەیوەندییەکانمان ئاسایین و نەپچڕاون."

عارف تەیفوور لەبارەی چوونی شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی بۆ سلێمانی گوتی: "ئێمەش بیستوومانە کە شاندێکی پارتی سبەی دێتە سلێمانی، بەڵام تا ئێستا بەفەرمی ئێمەشیان ئاگادار نەکردووەتەوە."

لەبارەی ئەوەی میدیاکان کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتییان زۆر زەق کردووەتەوە، گوتی: "بەو شێوەیە نییە کە باس دەکرێت و ئەو کێشانەی ھەبوون چارەسەر کراون و ئێستا پەیوەندییەکان زۆر ئاسایین و گەشبینین کە دەکرێ ئەوانەی ھەشن، چارەسەر بکرێن."
kdp -
Top