حكوومەتی ھەرێم كرێی خوێندن بۆ پێنج ھەزار كچ و كوڕی شەھید خەرج دەكات

حكوومەتی ھەرێم كرێی خوێندن بۆ پێنج ھەزار كچ و كوڕی شەھید خەرج دەكات
حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كرێی ساڵێكی خوێندن بۆ كوڕان و كچانی شەھیدان خەرج دەكات و، بەرپرسێكی وەزارەتی كاروباری شەھیدانیش دەڵێ، سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستی ساڵێكی دیكەیشن بۆ خەرجكردنی كرێی خوێندن.

ھەر كوڕ و كچی شەھیدێكی كوردستان كە بیەوێ لە زانكۆ و پەیمانگا ئەھلییەكان درێژە بە خوێندن بدات، لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستانەوە كرێی خوێندنی بۆ خەرج دەكرێت. لەو بارەیەوە، ئەحمەد مام ڕەسووڵ، سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوان ڕایگەیاند: "دوای خەرجكردنی كرێی خوێندن بۆ كوڕ و كچی شەھیدە سەربەرزەكان لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، لە ئێستادا ئامادەین بۆ خەرجكردنی كرێی خوێندن لە ھەموو پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان و، كوڕ و كچی شەھیدان دەتوانن پارەی كرێی خوێندن بۆ ساڵی ٢٠١٦-٢٠١٧ وەربگرن".

سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە وەزارەتی شەھیدان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "زیاتر لە ١٦ ملیار دینار خەرج كراوە و پێنج ھەزار كوڕ و كچی شەھید سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی كرێی خوێندن، سوپاسی ھەموو زانكۆ پەیمانگە و قوتابخانە ئەھلییەكانیش دەكەین كە توانییان ھاوكاریی حكوومەت بكەن بەوەی پارەی كرێ لە قوتابیانی كوڕ و كچی شەھید وەرنەگرن تا ئەو كاتەی حكوومەت بۆیانی خەرج دەكات".

مام ڕەسووڵ ئاماژەیشی دا: "داوامان لە ھەموو بەڕێوەبەرایەتییەكانی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی ھەرێمی كوردستان كردووە بە زووترین كات لیستی ناوی قوتابیانی كوڕ و كچی شەھیدان بۆ خوێندنی ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ ئامادە بكەن، تا پارەی كرێی خوێندنی ئەو ساڵەیشیان بۆ خەرج بكرێت و لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەویشیان بۆ خەرج دەكرێت".
kdp -
Top