کەریم شەنگالی: ئیرادە ھەیە و دەگەیەنە ئەو ئامانجەی کە خواستی ھەمووانە
ئەمڕۆ ٢٦ی ١١ی ٢٠١٨، لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ئامادەبوونی بەرپرسانی وەزارەتی پیشمەرگە و ھێزەکانی ھاوپەیمانان و ڕاوێژکارە سەربازییەکانی نێودەوڵەتی کۆنفرانسی چاکسازیی پێشمەرگە بەڕێوەچوو.
وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت، کەریم شەنگالی، لە کۆنفڕانسەکەدا وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کردوو ڕایگەیاند: " پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە لە ژێرناونیشانی، پلانی چاکسازیی پێشمەرگە لە ئایندەدا، ئەوەی گرنگە لەناو سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستاندا ئیرادە بۆ چاکسازیی پێشمەرگە ھەیە و دەگەیەنە ئەو ئامانجەی کە خواست و مەبەستی ھەموانە، ھەموو ھێزێک ناوە بە بەناوە پێویستی بە چاکسازی ھەیە و قۆناغ بە قۆناغ و ماوە بە ماوە دەچینە پێش و لەمبارەوە پشتگیرییەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی، جێگەی دەستخۆشی و پێزانینە، چونکە چاکسازی وەرچەرخانێکە و دەبێتە ھۆی نوێکردنەوە و چالاکترکردنی توانای ئیدارەدان و سەرکردایەتیکردن."
شەنگالی، گوتیشی: "ئەم بیرۆکەیە یەکەم جار لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگریی بەریتانیا باسی لەبارەوە کرا و دواتر بووە پێشنیاز و پلانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەجێ گەیاندنی ڕیفۆرمێکی گشتی تا بتوانێ بەسەر کۆسپ و تەگەرەکاندا زاڵ بێت و لەشکرێکی نموونەیی دروست بکات، ھەموو لایەک ئاگادارن کەلە کاتی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و دوای کۆتاییھاتنی ئەو شەڕە وەزارەتی پێشمەرگە بە یەکە جیاوازەکانییەوە پێویستیی بە ڕیفۆرمێکی جدی بوو بۆ ئەوەی بتوانێ لەگەڵ ڕەوتی بەرەوپێشچوونی بارودۆخی سەردەم و سەربازیی ناوچەکە خۆی بگونجێنێت."
وەزیری پێشمەرگە زیاتر گووتی: "لە سەرەتادا وڵاتی بریتانیا ئامادەیی دەربڕی بۆ پشتگیری و پاڵپشتیی پرۆژەی چاکسازی و دواتریش ھەر یەک لە وڵاتانی ئەمریکا و ئەڵمانیا ئامادەییان دەربڕی بۆ پشتگیری پلانی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە،
بۆ ئەم مەبەستە وەزراتی پێشمەرگە لێژنەیەکی باڵای لە چوار ئەفسەری پلە باڵا لەگەڵ ڕاوێژکارانی ھەر سێ وڵاتی بریتانیا، ئەمریکا و ئەڵمانیا و ئەم لێژنەیە دواتر ناو نرا بە بۆردی چاکسازی کە تا ئێستا ٣٥ کۆبوونەوەیان ئەنجام داوە. ھەنگاوی یەکەمی ئەو لێژنەیە نووسینەوە و دانانی پرۆژە و پلانی چاکسازی بوو لە ٣٥ خاڵ پێکھاتبوو لەژێر ناونیشانی بەرنامەی پێشمەرگە لە ئایندەدا.
دواتر ھەمان لێژنە پلانەکەیان دا بە لیژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە کە خۆشبەختانە ڕەزامەندیی لەسەر درا و لە دوو کۆبوونەوەی تایبەتدا لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران خۆشبەختانە سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان و جێگرەکەی و سەرجەم ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەزامەندییان لەسەر پلانی چاکسازیی پێشمەرگە لە ئایندەدا دەربڕی و ئامادەیی خۆیان بۆ پشتگیریی کۆی ئەم پرۆژەیە نیشان دا.
پاشان ئەو کاتە ئەم پلانە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بەرز کرایەوە بۆ لای سەرۆک بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی ھەرێمی کوردستان و ئەویش ڕەزامەندیی لەسەر ئەو پلانە نیشان دا لەگەڵ ناردنی ھەندێک تێبینی بۆ دەوڵەمەندکردنی پلانەکە."
کەریم شەنگالی دەشڵێت: "یەکێک لە خاڵەکانی، پلانی چاکسازیی پێشمەرگە لە ئایندەدا، دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازییە کە وەزارەتی پێشمەرگە دەستی کرد بە گواستنەوەی ژمارەیەک ئەفسەری لێھاتوو و بەتوانا بۆ ئەو بەڕێوەبەرایەتییە و لەلایەن قوتابخانەی نیشتمانی (NCGI) دوو خولی تایبەتیان لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی پلانی چاکسازی بۆ کرایەوە و لە ئەنجامدا بڕوانامەی زانستییان لە ئاستی نێودەوڵەتی وەرگرت.
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردووی کارکردنی بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی پێشمەرگە لە کۆی ٣٥ خاڵی ئەم بەرنامەیە، پێنج پرۆژەیان خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لەم ڕۆژانەشدا ھەشت پرۆژە و خاڵی دیکەش بە ھاوکاری لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە خراونەتە بەرنامەی کارکردنەوە و پرۆسەکە درێژەی دەبێت تا ئەوکاتەی پلانی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە دەگاتە لووتکە.
شەنگالی، لەبارەی بوونی ئیرادەی سیاسی ڕای گەیاند: "ئەوەی گرنگە و دەمەوێ جەختی لەسەر بکەمەوە بوونی ئیرادەی سیاسییە لەسەر ئاستی سەرکردایەتیی سیاسیی ھەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەکە و ھیچ کۆسپ و تەگەرەیەک نابینمەوە لەبەردەم سستبوون و بەجێنەگەیاندنی ئەرکەکان و ھاوکات چەندین جار بە فەرمی خواستی چاکسازی دووپات کراوەتەوە وسەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردووەوە پشتگیریی کارەکانی ئێمەی کردووە.
ھاوکات ناکرێ ڕۆڵی گرنگ و بەھێزی ڕاوێژکارانی سەربازیی وڵاتانی ھاوپەیمان لەبیر بکەین، بەتایبەتی وڵاتانی بریتانیا، ئەمریکا و ئەڵمانیا و ھەموو ئەو وڵاتانە و ھاوپەیمانان کە بۆ سەرخستنی پلانەکانمان ھاوکارمان بوون و بڕیارە وڵاتی ھۆڵەنداش لە سەرەتای ساڵی داھاتوودا ڕاوێژکاری خۆیان بنێرن بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕاوێژکارانی ھەر سێ وڵاتی ئاماژەپێدراو پاڵپشتی "پلانی چاکسازیی پێشمەرگە لە ئایندەدابن.
ئێمە ھاوکاری مادی و مەعنەویی ڕاوێژکارەکانیان بەرز دەنرخێنین و بە چاوی ڕێزەوە سەیری دەکەین و ئەوەی خواستی ئێمەیە لەنێو یەکە جیاوازەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ھەر دوو فەرماندەیی ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ و میحوەرەکان بە دەرفەتی دەزانم لەم کۆنفرانسەدا پێیان بڵێم پێویستە ھاوکار و پاڵپشتی سەرکەوتنی کارەکانی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە بن، بۆ ئەوەی ئایندەیەکی گەش و سوپایەکی مۆدێرن لە پێشمەرگە دروست بکەین."
وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت دەڵێت: "ئێمەش لە وەزارەتی پێشمەرگە پشتگیریی ھەموو ھەنگاوێک دەکەین کە پرۆسەکە بەرەوپێش ببات و لەمبارەوە ئاسانکاریی پێویست دەکەین بۆ ئەوەی قۆناغ بە قۆناغ سەرکەوتنی چاکسازی ڕابگەیەنین. وێڕای سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ ھەموو ئەوانەی دەستیان لە سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی ئەو پرۆژەیە ھەیە و دووپاتی دەکەینەوە کە ئیرادە بۆ چاکسازی ھەیە و دەگەیەنە ئەو ئامانجەی کە خواست و مەبەستی ھەموانە."
kdp -
