وەزیری خوێندنی باڵا ڕوونکردنەوە لەبارەی ھەڕەشەی سەگتێبەردان لە کچانی زانکۆی سلێمانی دەدات
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاو کرایەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، بەرپرسی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی، ھەڕەشەی سەگتێبەردان لە کچانی بەشە ناوخۆییەک دەکات و سووکایەتیشیان پێ دەکات، بەھۆی ئەوەی کچەکان خۆپیشاندانیان ئەنجام داوە.
لەمبارەیەوە د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕايگەیاند: ”لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی سلێمانی قسەمان کردووە، ئاگاداری پێکھێنانی لێژنە و ھەموو ھەنگاوەکانین، ھەروەھا چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەین لەسەر ئەو کێشەیە“.
لەبارەی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییە کە تێیدا سەرپەرشتیاری بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانی ھەڕەشە دەکات و دەڵێت: ”سەگتان تێ بەردەدەم، ٥٠ سەگی دیکەش دێنمە ناو بەشە ناوخۆییەکانەوە“، وەزیری خوێندنی باڵا گوتی: ”ئاگاداری ئەوەم، ھەر بۆیە سەرپەرشتیاری بەشە ناوخۆییەکانمان بەشێوەیەکی کاتی لابردووە، تا بەدواداچوون تەواو دەبێت، ئەگەر ئەم تۆڤارە ڤیدیۆییە ڕاست بێت، ئەوا ڕێوشوێنی یاسایی خۆمان دەگرینەبەر و بڕیاری کۆتایی خۆمان لەو بارەیەوە دەدەین“.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر بەرپرسێکی ڕایەڵەی خوێندکارانی بزووتنەوەی گۆڕان لە زانکۆی سلێمانی داوای لە ھەریەک لە وەزیری خوێندنی باڵا کە لەسەر پشکی یەکێتییە، لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی سلێمانی کردبوو، بەھۆی ئەو ڕووداوەوە دەست لەکار بکێشنەوە.
باسنيوز
