"ئامارەكانی توندوتیژی دژی ژنان تۆقێنەرن"
زۆربەی چالاكوانانی بواری ژنان لە رۆژی دەستپێكردنی ھەڵمەتەكە ملپێچی پرتەقاڵییان كردبووە مل، بە پێچەەوانەی ئەوان چالاكوانێك ملپێچەكەی لە مهچهكی ئاڵاندبوو ئەو پێی وایە، رەنگی ژیانی خانمان لە كوردستان پرتەقاڵی نییە و ھۆكارەكەشی دەخاتەڕوو.
لەنجە عەبدوڵڵا، چالاكوانی بواری ژنان بە كوردستان24 راگەیاند: "ئێمە باسی ئەو ژنە ناكەین كە قژی درێژەو بەشداری لە پرۆسەكە دەكەن، ئێمە عەقڵ و ئیرادە و توانامان دەوێت، كەسێكمان دەوێت بەرگری لە ژنان بكات، تەنانەت ئەگەر حكوومەتیش بێدەنگ بێت، ئەو ژنانە لە ھەر پلە و ئاستێكدابن، دەبێ دەنگیان بەرز بكەنەوەو پاڵپشتی لە ژنان بكات".
گوتیشی: "ئامارەكانی ئەمساڵی توندوتیژی دژی ژنان تۆقێنەرن، ژنان لە بارودۆخێكی خراپدان دەكوژرێن و لە خانەی داڵدەدان كەوتوون و چارەنووسیان دیار نییە. راستە رێكخراوەكانی ژنان ئامرازێكن بۆ گەیشتن بە ئامانج، بەڵام دەبێ لەسەرەتادا ئەولەویەت دیار بكەین بۆ كێشەی ژن بزانین چییە؟".
ئەمساڵ ژمارەیەكی بەرچاو لە كەسانی بیانی لە ھەرێمی كوردستان بەشدارییان لە ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان كردووە، ژنێكی بەریتانی كە دوو ساڵە لە كوردستان مامۆستای زانكۆیە و لەو رۆژەدا بە ھەڵگرتنی ھێمای ھەڵمەتەكە پشتیوانی خۆی بۆ ھەڵمەتەكە راگەیاند.
ترێسی فینتۆن، مامۆستای زانكۆ بە كوردستان24 گوت: "پێم وایە نابێت هەوڵەکان تەنیا لە 16 رۆژدا کورت بکرێنەوە، پێویستە هەموو رۆژێک بکەینە رۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، کە دەڵێم توندوتیژی تەنیا بەرامبەر ئافرەتان نا، بەڵکو توندوتیژی خێزانی، ئێمە دەبێ گرنگی بە پەروەردە بدەین، پێویستە بەکارهێنانی هێز بکرێتە جۆرێك لە نەنگی و شەرم، پەیامم بۆ ژنانی کورد و هەموو جیهان ئەوەیە ئیدی قبوڵی نەکەن کە ستەمیان لێ بکرێت و هەموو بڵێن تا ئێرە و بەس".
K24
