نێچیرڤان بارزانی داوای هەوڵی هەمەلایەنە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی ١١ی ٢٠١٨ و لە مەراسیمێکی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی کە لە هەولێر بەڕێوە چوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان کرد بۆ ئەو دەستکەوتانەی لە ماوەی تەمەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بەدی هاتوون. ڕوونیشی کردەوە کە ئەگەر ئەو دەستکەوتانە لەگەڵ توندوتیژییەکان بەراورد بکرێن، ئەوا دەبینن پێشکەوتنی گەورە بەدی هاتوون.
نێچیرڤان بارزانی ڕای گەیاند کە ئەرکی سەرشانی ژنانی چالاکوانە، چاوپۆشی لە هیچ توندوتیژییەک نەکەن. هەروەها داوای لە میدیاکان کرد، کاراتر هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و ئاشکراکردنی حاڵەتەکانی توندوتیژی بخەنە گەڕ و لەمبارەیەوە هیچ سستییەک نەنوێنن. داواشی لە مامۆستایانی ئایینی و وتاربێژی مزگەوتەکان کرد، بە گیانێکی سەردەمییانە لە بابەتی ئافرەتان و توندوتیژی بڕوانن و ڕای گەیاند، حکوومەت و پەرلەمانی کوردستان بە تەنها ناتوانن ئەو کارە بکەن، ئەگەر لەلایەن ژنان خۆیانەوە پاڵەپەستۆیەک نەبێت. گوتیشی: ”ئێمە هەموو نەرمییەکمان تێدایە تاوەکوو لەژێر فشاری ئەواندا هەنگاوی پێویست لەپێناو بەرژەوەندیی یەکسانیی نێر و مێدا بەدی بهێنین“.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان باسیشی لەو گازاندانە کرد کە لە حکوومەت دەکرێن، بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی یاساکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و لەمبارەیەوە ئاشکرای کرد: ”ئەگەر کۆمەڵگەی کوردستان هێشتا ژن لە دەرەوەی دادگا مارە بکات کە باوک و برا و خزموکەس ئەو کارە دەکەن و مامۆستای ئایینیش مارەبڕینەکە جێبەجێ دەکات. یان ئەوانەی فرەژنی دەکەن، خۆیان کەسانی خوێندەوار و رۆشنبیر یان کادیری ڕاگەیاندنن یان مامۆستا بن، پرسیار ئەمەیە، یاسا لەم مەسەلەیەدا چی بکات و چۆن ئەو هەموو خەڵکە سزا بدات؟ دەبێ کۆمەڵگە خۆی گۆڕانکاری بکات نەک ئێمە بە زەبری سزادان هەموو شتێک بگۆڕین. یاساکانی حکوومەت سەرکەوتنی باشیان بەدەست هێناوە، بەڵام ئێمە دەزانین و تێدەگەین کە ڕێگەیەکی دوور و درێژمان ماوە کە دەبێ لەسەری بەردەوام بین. کێشەی کلتوور تەنیا لە ڕێگەی قوتابخانە دەگۆڕێت، بەجۆرێک پرۆگرامەکانی خوێندن بە جۆرێک بن کە یەکسانی تێیاندا ڕەنگ بداتەوە و ڕۆشنبیری و پەروەردەی مامۆستایان گۆڕانیان بەسەردا بێت. ڕەنگە بتوانین لە ڕێگەی یاسا و سزاوە بەشێک لە باوەکان بگۆڕێن، بەڵام گۆڕینی جددی لە ڕێگەی پەروەردە و فێرکردنەوە دەبێت“.
نێچیرڤان بارزانی داوای لە کچان و ژنانی کوردستان کرد، لە ڕاگەیاندندا دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە و جموجۆڵ لە ئاست هەموو توندوتیژییەک بکەن.
هەر لە وتارەکەیدا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نموونەی بە نووسینێکی ئەحمەدی خانی، نووسەری گەورەی کورد کرد کە لە داستانی مەم و زیندا دەڵێ: ”ئەم چیرۆکەم بۆیە نووسیوە تاوەکوو کەسانی بیانی نەڵێن کچان و کوڕانی کورد ئازاد نەبوون لە یەکسانی و گۆڕینەوەی هەستی خۆشەویستیدا“. ئەم شیعرەشی خوێندەوە:
دا خەلق نەبێژن کو ئەکراد
بێ مەعرفەتن بێ ئەصل و بنیاد
هەم ئەهلی نەزەر نــبێن کوکرمــــانج
عەشقی نەکرن ژبۆ خــوە ئـــــــارمانج
ڕوونیشی کردەوە، هەر لەو سەردەمەدا شێخ عەبدولسەلام بارزانی زۆر ڕێنوێنی بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوەی ژن دەرکردووە لەنێویاندا نەهێشتنی فرەژنی و ڕێزگرتن لە ویستی ژن و بابەتی گەورە بە بچووک. گوتیشی: ”ئێمە وەچەی بیر و هزری ئەو پیاوە گەورانەین و دەبێ بەدوای ئەوەدا بڕۆین نەک بیری دواکەوتوو لە شوێنانی ترەوە بهێنین و بیکەینە بەشێک لە ژیانی خۆمان. سەردەمی جاران کاتێک پیاوێک دەگەڕایەوە ماڵ ژن دەیپرسی دەنگوباسی دەرەوە چییە؟ بەڵام ئێستا ژنان و پیاو وەک یەک و بەبۆچوونی من ژنان زیاتر لە پیاوان ئاگاداری هەموو دەنگوباسێکن و هەموو وردەکارییەکیشن کە لە کۆمەڵگە ڕوودەدات و کاتیان زیاترە و بەردەوام سەیری سۆسیال میدیاش دەکەن“.
باسنيوز
