یەکێتی ھەنگاوەکانی بۆ سنوردارکردنی پەکەکە لە سلێمانی دەستپێکرد

 یەکێتی ھەنگاوەکانی بۆ سنوردارکردنی پەکەکە لە سلێمانی دەستپێکرد
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ ڕازیکردنی تورکیا لەپێناو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان، یەکێتی یەکەمین بڕیاری لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەرکرد و چیتر ڕێگە بە چالاکییە سیاسییەکانیان نادرێت.

لە ماوەی ڕابردوودا یەکێتی لە چەندان ئاست هەوڵی ئەوەی دەدا کە تورکیا ڕازی بکات، بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانیان ئاسایی ببێتەوە و ئاسمانی تورکیاش بە ڕووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا بکاتەوە، بەڵام تورکیا کۆمەڵێک مەرجی لەسەر یەکێتی داناوە.

بەپێی زانیارییەکان، تێبینیی سەرەکیی تورکیا لەسەر یەکێتی لەبارەی ئەو دەرفەتەیە کە لە ماوەی ڕابردوودا یەکێتی لە سنووری سلێمانی، بۆ پەکەکە و گرووپەکانی سەر بە پەکەکەی ڕەخساندووە، بۆیە یەکێتی لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ تورکیا، بەڵێنی چارەسەرکردنی ئەو بابەتەی داوە.

لە یەکەمین هەنگاویشدا بۆ ڕازیکردنی تورکیا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و کوڕی جەلال تاڵەبانی، سکرتێری گشتیی کۆچکردووی یەکێتی، بڕیارێکی دەرکردووە کە لە میدیای فەرمیی حزبەکەشدا بڵاو کراوەتەوە.

بەپێی بڕیارەکەی قوباد تاڵەبانی، بارەگای سەرجەم ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسییانە دادەخرێت کە مۆڵەتی یاساییان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییە و بۆ ئەمەش دەبێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بارەگاکانیان دابخەن.

بەپێی بڕیارەکە، هەموو ئەو حزب و ڕێکخراوە سیاسییانەی کە مۆڵەتیان نییە، بۆیان نییە هیچ چالاکییەکی سیاسی ئەنجام بدەن و بەپێچەوانەشەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دیارترین ئەو لایەنە سیاسییانەی لە سلێمانیدا چالاکی ئەنجام دەدات و مۆڵەتیشی نییە، ڕێکخراوی سیاسیی (تەڤگەری ئازادی)یە کە باڵی باشووری کوردستانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکەیە) و لەمەودوا یەکێتی ڕێگە بە چالاکییەکانی نادات.









باسنیوز
Top