کاڵکان: ئەمریکا دەیەوێ پیلانی دەستگیرکردنی ئۆجەلان دووبارە بکاتەوە
دوران کاڵکان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی پەکەکە بە میدیاکانی حزبەکەی راگەیاندووە، ئەمریکا بە دانانی خەڵات بۆ زانیاریدان لەسەر ئەو و موراد قەرەیلان و جەمیل بایک، دەیەوێ هێرش بکاتە سەر پەککە، جگە لەوە، ”ئەمریکا دەیەوێ کورد بترسنێت و پاچە پارچەی بکات“.
دوران کاڵکان هەوەها رایگەیاندووە، ”ئەمەریکا پێشەنگی پیلانگێڕی نێودەوڵەتییە و ھەوڵ دەدات پیلانگێڕییەکەی 20 ساڵ لەمەوبەر، کە بەرامبەر ئۆجەلان کرا، نوێی بکاتەوە".
کاڵکان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە دوای پشتگیریکرندی کورد لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمریکا پێگەیەکی بۆ خۆی دروست کرد، بەڵام بە بڕیاری دەستگیرکردنی سێ سەرکردەی ئەو حزبە، ”بەھای خۆی لەدەست دا، بەو بڕیارە دەیەوێ پەکەکە لەناو ببات، ئەوەش لەپێناو ئەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و رووسیا بپچڕێنێت و لە دژی ئێران بەکاری بھێنێت، ئەوەش بەرژەوەند پەرستییە".
عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە لە 15ـی شوباتی 1999 لە کینیا لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی ژمارەیەک وڵات، کە ئەمریکا لەناویاندا بوو، دەستگیر کرا.
دوای دەستگیرکردنی و گواستنەوەی بۆ تورکیا، دادگای تورکیا عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە زیندانی هەتا هەتایی سزا دا و تا ئێستا لە گرتوخانەی ئیمڕالی، زیندانی کراوە.
لە سەرەتای مانگی 11ـی 2018، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕی 12 ملیۆن دۆلاری بۆ زانیاریدان لەسەر سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە وەک خەڵات دیاری کرد، کە زانیارییەکان ببنە هۆی دەستگیرکردنیان و سەرکردەکانیش بریتین لە؛
- موراد قەرەیلان، پێنج ملیۆن دۆلار
- جەمیل بایک، چوار ملیۆن دۆلار
- دوران کاڵکان، سێ ملیۆن دۆلار
باسنیوز
