"پێكهێنانی هێزی هاوبه‌ش له كه‌ركووك چاره‌سه‌رى خراپیی دۆخى ئه‌منى ناكات"
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووك ڕاگه‌یاند: "پێشنیارێك كراوه سه‌باره‌ت به پێكهێنانی هێزێك له نه‌ته‌وه‌كانى كه‌ركووك بۆ پاراستنی كه‌ركووك له ڕووى ئه‌منییه‌وه، ئه‌و پێشنیاره‌ش ده‌بێ كارى له‌سه‌ر بكرێت، چونكه ئه‌و هێزه‌ى كه پێكبهێنرێت ده‌بێ له 10 تاوه‌كو 12 هه‌زار كه‌س كه‌متر نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێ شوێنی ئه‌و هێزه‌ى كه ئێستا له كه‌ركووكه پڕ بكاته‌وه ئه‌مه‌شیان ده‌بێ بودجه‌ى بۆ دابنرێت، چونكه كارێكى ئاسان نییه كه بتوانرێ مووچه‌ى ئه‌و ژماره زۆره چه‌كداره بدرێت و ئیتر نازانرێت كه سه‌ر به وه‌زاره‌تى ناخۆ ده‌بن یاخود وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق، پێش ئه‌وه‌ى بڕیار بدرێت كه ئه‌و هێزه پێكبهێنرێت پێویسته دیراسه بكرێت و ده‌بێ بودجه‌ى بۆ ته‌رخان بكرێ".
گوتیشی: "ئه‌و پێشنیاره‌ش بۆ ئه‌وه كراوه له كاتێكدا ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته سه‌ربازییه‌ى كه له كه‌ركووكدان ئه‌وان له شاره‌كه نه‌مێنن ئه‌و هێزه له نه‌ته‌وه‌كانى كه‌ركووك پێكبهێنرێت و ئه‌وان خه‌ڵكى شاره‌كه بن له هه‌موو پێكهاته‌كان بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ڵنیایی بده‌نه خه‌ڵكى كه‌ركووك كه خه‌ڵكى شاره‌كه‌ن و هێزه‌كه‌یان هاوبه‌شه".
له وەڵامی ئەو پرسیارەی كه ئاخۆ ئه‌و هێزه‌ى ئێستا له كه‌ركووك دەتوانن دۆخی ئه‌منى كه‌ركووك بپارێزن؟ ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌رى، گوتی: "ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌ك لێیان ڕازی بووایه و بیانتوانیبا، بۆچی پێشنیاری پێكهێنانی هێزێك له نه‌ته‌وه‌كانى كه‌ركووك ده‌هاته پێشه‌وه".
له 16ی ئۆكتۆبه‌رى ساڵی رابردوو میلیشیاكانى حه‌شدى شه‌عبی كه‌ركووكیان به‌رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خیانه‌تكارى ناو یه‌كێتیی داگیركرد و له‌و كاته‌وه بارودۆخی ئه‌منى له‌سنوورى پارێزگاكه تێك چووه و ئێستاش پێكهێنانی هێزێكى هاوبه‌ش بۆ پێكهاته‌كان وه‌ك پێشنیار خراوه‌ته‌ڕوو، به‌ڵام وه‌ك چاودێرانی دۆخی كه‌ركووك ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌ن كه پێكهێنانی ئه‌و هێزه خراپی دۆخى ئه‌منى كه‌ركووك چاره‌سه‌ر ناكات و تاكه چاره‌سه‌ر بۆ دۆخی ئه‌منی كه‌ركووك گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه و ئاسایشه بۆ شاره‌كه و هه‌روه‌ها دۆسییه‌ى ئه‌منى كه‌ركووك ڕاده‌ستى پۆلیسی خۆجێی شاره‌كه بكرێت.
bas news-
