د. جووتیار ئاکرەیی: بڕیارە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان کار بە سیستەمی بایۆمەتریی فەرمانبەران بکات
دکتۆر جووتیار ئاکرەیی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆمسیۆن ژمارەیەک پڕۆژەی لەبەردەستە بۆ ئەوەی جێبەجێیان بکات، لەوانەش سوودوەرگرتن لە پڕۆسەی بایۆمەتریی فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمە فکرەیەکی باشە و دوای پێداچوونەوە پلانی کۆمسیۆن ئەوەیە کار لەسەر بایۆمەتریی فەرمانبەران بکەین."
ئەندامەکەی کۆمسیۆنی باڵای ڕاپرسی و ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ئەگەر ئێمە وەک کۆمسیۆن کار بە پڕۆسەی بایۆمەتری بکەین، ناسنامە بۆ ھەموو ئەو فەرمانبەرانەی لە بایۆمەتری بەشدار بوون، دروست دەکەین، تا لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا ھیچ دەنگدەرێک نەتوانێت دوبارە دەنگ بدات، ھێشتا بڕیاری کۆتایی لەوبارەیەوە نەدراوە."
دکتۆر جووتیار ئاکرەیی دەڵێت: "کۆمسیۆنی سوودی لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان بینیوە بۆ چاککردنەوەی کەموکووڕییەکان و بەردەوام دەبین لەسەر چاکسازیی تۆماری دەنگدەران، لەبەر ئەوەی لە ھەموو وڵاتانی جیھان بەردەوام کار لەسەر چاکسازیی لیستی دەنگدەران دەکرێت و ئێمەیش لە ھەرێمی کوردستان لە چەندین ڕێگەوە بەردەوامین بۆ ئەوەی پاکترین تۆماری دەنگدەرمان ھەبێت."
kdp-
