جەزا چنگیانی: بارزانی هەمیشە لای عەرەب و جیهان سەرۆکی کوردە
جەزا چنگیانی، نووسەر و ڕەخنەگر، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، وتارێکی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا نووسیوە و ئاماژەی بە وتارێکی خۆی لە تەمووزی ساڵی ٢٠١٢ سەبارەت بە سەردانیکردنی نەوشیروان مستەفا بۆ تاران داوە و ڕوونی کردووەتەوە، رۆحی سیاسەت تاکتیکە، رۆحی تاکتیکیش هۆشیاریی سیاسییە کە لەسەر بنەماکانی (مێژوو، سیاسەتی ڕۆژ و ئایندە) بونیاد دەنرێت.
بەراوردیشی لە نێوان سەردانەکەی سەرۆک بارزانی و جووڵە دیپلۆماسییەکانی هەریەک لە جۆن کەنێدی، سەرۆکی پێشووتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و نیلسۆن ماندێلا، سەرۆکی پێشووتری باشووری ئەفریقیا و ماهاتما گاندی، باوکی ڕۆحیی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی هیندستان کردووە و ڕوونی کردووەتەوە کە سەرجەم ئەو سەرکردانە لە پێناو دەربازکردنی گەلەکانیان لەو کێشانەی ڕووبەڕوویان بۆتەوە، چەندان جار گفتوگۆ و دانوستانیان لەگەڵ تەنانەت نەیارانیشیان ئەنجام داوە.
چنگیانی پرسیاری ئەوەی کردووە کە ئاخۆ بۆچی بەغدا ”دەستی تەوقەی دیالۆگ“ بۆ هەولێر درێژ دەکات و فەرشی سووری بۆ ڕادەخات، بەڵام سلێمانی لە دەرەوەی دیالۆگە؟ وەڵامەکەشی بەوە داوەتەوە کە ”لای عەرەبە ڕەسەنەکان، گرووپی ١٦ی ئۆکتۆبەر، لە دەرەوەی گۆڕەپانی سیاسین. ئەوان وەک نیشتمانفرۆش لای نیشتمانییە رەسەنە عەرەبەکان، زۆر سووکن“.
لە کۆتاییشدا دووپاتی کردووەتەوە کە ئەگەر سەرۆک بارزانی لە ماڵەکەی خۆیدا دابنیشێت، ”لەلای عەرەبەکان و جیهان، سەرۆکی کوردە“.
باسنيوز
