پێكهێنانی هێزی هاوبەش لە كەركووك چارەسەری خراپی دۆخی ئەمنی ناكات

 پێكهێنانی هێزی هاوبەش لە كەركووك چارەسەری خراپی دۆخی ئەمنی ناكات
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كە لە پشكی یەكێتیی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، سەبارەت بە پێشنیاری پێكهێنانی هێزی هاوبەشی پێكهاتەكانی كەركووك ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر هەموو لایەك لەو هێزانەی ئێستا ڕازی بوونایە پێشنیاری پێكهێنانی هێزی هاوبەش نەدەهاتە پێشەوە.

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند: "پێشنیارێك كراوە سەبارەت بە پێكهێنانی هێزێك لە پێکهاتەکانی كەركووك بۆ پاراستنی ئەو شارە لەڕووی ئەمنییەوە، ئەو پێشنیارەش دەبێ كاری لەسەر بكرێت، چونكە ئەو هێزەی كە پێكبهێنرێت دەبێ لە 10 تاوەكوو 12 هەزار كەس كەمتر نەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ شوێنی ئەو هێزەی كە ئێستا لە كەركووكە پڕ بكاتەوە ئەمەشیان دەبێ بوودجەی بۆ دابنرێت، چونكە كارێكی ئاسان نییە كە بتوانرێ مووچەی ئەو ژمارە زۆرە چەكدارە بدرێت و ئیتر نازانرێت كە سەر بە وەزارەتی ناخۆ دەبن یاخود وەزارەتی بەرگریی عێراق، پێش ئەوەی بڕیار بدرێت ئەو هێزە پێكبهێنرێت، پێویستە دیراسە بكرێت و دەبێ بودجەی بۆ تەرخان بكرێ".

گوتیشی: "ئەو پێشنیارەش بۆ ئەوە كراوە لە كاتێكدا ئەگەر ئەو دەسەڵاتە سەربازییەی كە لە كەركووكدان ئەوان لە شارەكە نەمێنن ئەو هێزە لە نەتەوەكانی كەركووك پێكبهێنرێت و ئەوان خەڵكی شارەكە بن لە هەموو پێكهاتەكان بۆ ئەوەی دەڵنیایی بدەنە خەڵكی كەركووك كە خەڵكی شارەكەن و هێزەكەیان هاوبەشە".

لەبارەی ئەوەی كە ئەو هێزەی ئێستا لە كەركووك ناتوانن دۆخی ئەمنی كەركووك بپارێزن؟ ئەحمەد عەسكەری، گوتی: "ئەگەر هەموو لایەك لێیان ڕازی بوایە و بیانتوانیبا، بۆچی پێشنیاری پێكهێنانی هێزێك لە نەتەوەكانی كەركووك دەهاتە پێشەوە".

لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەركووكیان بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتیی داگیر كرد و لەو كاتەوە بارودۆخی ئەمنی لە سنووری پارێزگاكە تێك چووە و ئێستاش پێكهێنانی هێزێكی هاوبەش بۆ پێكهاتەكان وەك پێشنیار خراوەتە ڕوو، بەڵام وەك چاودێرانی دۆخی كەركووك ئاماژەی بۆ دەكەن كە پێكهێنانی ئەو هێزە خراپی دۆخی ئەمنی كەركووك چارەسەر ناكات و تاكە چارەسەر بۆ دۆخی ئەمنیی كەركووك گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاسایشە بۆ شارەكە و هەروەها دۆسییەی ئەمنی كەركووك ڕادەستی پۆلیسی خۆجێی شارەكە بكرێت.












باسنیوز
Top