تاریق حەرب: سەردانە زۆر و زەوەندەکانی بەرهەم ساڵح بۆ وڵاتان هیچ ئەنجامێکیان نابێت

 تاریق حەرب: سەردانە زۆر و زەوەندەکانی بەرهەم ساڵح بۆ وڵاتان هیچ ئەنجامێکیان نابێت
شارەزایەکی بواری یاسا لە عێراق ئاشکرای کرد، بەرهەم ساڵح کە وەک سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆنگرەی (دیالۆگی ناوەڕاست - مەبەست لێی دیالۆگی وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست)، بەشداری کردووە، هەر ”بۆ شوێنپڕکردنەوە“ بووە و دەبێت سەرۆک وەزیران لەو بۆنانەدا بەشداری بکات.

تاریق حەرب، شارەزای ناسراوی بواری یاسا ڕایگەیاند، سەرۆک کۆماری عێراق بەپێی دەستوور دەسەڵاتەکانی ”پرۆتۆکۆڵین و هیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکاری نییە“. ئەوەش ناشارێتەوە کە بۆ شوێنپڕکردنەوە لەو کۆنگرەیەدا بەشداری کردووە و دەڵێت: ”لانی کەم باشترە لەوەی کەس لەوێ نەبێت“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرۆک کۆماری عێراق لەو سەردانانەیدا ”هیچ ئەنجامێک بەدەست ناهێنێت“ و بگرە توانای واژۆکردنی هیچ پەیماننامە و گرێبەستێکی ئەوتۆی نییە، بەڵام ”تەنیا رۆڵی لە بەستنی پەیوەندیی دیپلۆماسیدا دەبێت“.

تاریق حەرب لە لێدوانەکەیدا ڕوونی کردەوە کە بەرهەم ساڵح لە سەرجەم سەرۆک کۆمارەکانی دیکە زیاتر سەردانی دەرەوەی وڵات دەکات و لە مانگێکدا چووەتە چەندان وڵات، دەشڵێت: ”هیچ مانایەکی نییە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بۆ ماوەی سێ مانگ سەردانی هیچ وڵاتێک نەکات“.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئەو شارەزا ناسراوەی بواری یاسا لە عێراق تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەپێی ماددە ٧٨ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، سەرۆک وەزیران خاوەنی دەسەڵاتی سیاسیی گشتیی دەوڵەتە و ”پێویستە سەرۆک وەزیران ئەم جۆرە سەردانانە ئەنجام بدات، چونکە سەرۆک کۆمار تەنیا دەسەڵاتی پرۆتۆکۆلی هەیە“.










باسنیوز
Top