سەرکردەکانی یەکێتی بە گەرمی باس لە ئەگەری وازهێنانی مەلا بەختیار دەکەن

 سەرکردەکانی یەکێتی بە گەرمی باس لە ئەگەری وازهێنانی مەلا بەختیار دەکەن
لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە گەرمی باس لە ئەگەری وازهێنانی لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە دەکرێت و سەرکردەیەکیش نایشارێتەوە کە بەو وازهێنانە، مەلا بەختیار ”کەلێنێکی گەورە“ لەنێو یەکێتی درووست دەکات.

بەهۆی نیگەرانی و تووڕەبوونی مەلا بەختیار، بەتایبەتیش لە دوای گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح لەپێناو پێدانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کە پێشتر مەلا بەختیار بۆ هەمان پۆست کاندید کرابوو، لەنێو یەکێتیدا بە شێوەیەکی بەربڵاو باس لە ئەگەری وازهێنانی دەکرێت.

لەمبارەیەشەوە فەرید ئەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی، ڕایگەیاند، ماوەیەکە مەلا بەختیار سەردانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ناکات، ھەرچەندە داوای لێکراوە کە بگەڕێتەوە سەر ئیش و کارەکانی خۆی، بەڵام تاوەکوو ئێستا هیچ بڕیارێکی بۆ گەڕانەوە نەداوە.

بە گوتەی ئەو سەرکردەیەی یەکێتی، تاوەکوو ئێستا مەلا بەختیار هۆکاری نیگەرانییەکانی ئاشکرا نەکردووە، ”بێگومان منیش ناتوانم ھیچ بڵێم، چونکە خودی مەلا بەختیارم نەبینیوە، تاوەکوو ھۆکاری نیگەرانییەکانیم بۆ باس بکات، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی نیگەرانییەکانی پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە“.

فەرید ئەسەسەرد هاوشێوەی سەرکردەکانی دیکەی حزبەکەی، باسی لە ئەگەری وازهێنانی مەلا بەختیار کرد و ڕای گەیاند: ”ئەگەر مەلا بەختیار واز لە ڕیزەکانی یەکێتی بھێنێت، یان بایکۆتی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی بکات، بێگومان کەلێنێکی گەورە بۆ یەکێتی درووست دەکات، چونکە مەلا بەختیار سەنگی خۆی ھەیە و ھەموو یەکێتی پێویستی پێیەتی“.











باسنیوز
Top