سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی بڕیارێکی پێشووی خۆی بڵاو کردەوە
ئەمڕۆ شەممە 24/11/2018، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر لەبارەی بڕیارێکی پێشووی خۆی سەبارەت بە رێپێدانی دروستکردنی خانوو ئاگادارییەکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە: "ئاگاداری ھاوولاتییانی شاری ھەولێر دەکەینەوە، رێپێدانی خانوو دروست کردن بۆ گەڕەکە نوێیەکان واتە ئیفرازاتی نوێ ئەو بڕیارە نوێیەی کە دەرچوو دەیانگرێتەوە".
شارەوانی هەولێر، لە ئاگادارییەکەیدا ڕوونیشکردووەتەوە، ئیفرازاتی نوێ گەرەکە نوێیەکان وەکو 8ی حەسارۆکو باغلومنارە و گرد جووتیار...ھتد، بڕیارەکە دەیانگرێتەوە، ھەروەھا نابێت زەوییەکان کارت بن دەبێ لەسەر سەنەد دروست بکرێ.
ئاماژە بەوەش کراوە، بۆ گەڕەکە کۆنەکان ئەگەر بەناوی دوو کەسیش بێ کێشەی نییە رێگەی پێ دەدرێ خانووی لەسەر دروست بکات.
شارەوانی هەولێر، جەختیشی کردووەتەوە، کە لەبارەی ئەم ڕێنماییەوە ھەر شەش شارەوانییەکەی ئاگادار کراونەتەوە کە ئەم بڕیارە نوێیە جێبەجێ بکەن.
هەفتەی ڕابردوو، شارەوانی هەولێر بڕیارێکێ نوێی لەبارەی دروستکردنی خانوو دەرکرد، کە بەپێی بڕیارەکە زەوی رووبەرەکەی چەند بێ لەسەر سەنەد (تاپۆ)، پێویستە مۆڵەتی بینا بەپێی ئەو رووبەرە بدرێ و رێگا بە دابەشکردنی بۆ دوو خانوو، نادرێت.
باسنیوز
