مەحموود عوسمان: بارزانی لە بابەتی حزبی گەورەترە و سەردانەکەی هەنگاوێکی باشە
مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، ڕایگەیاند: ”بەدڵنیاییەوە سەردانەکەی بارزانی ھەنگاوێکی باشە، چونکە وەک شەخس لە عێراقدا ناسراوە و پێگەی ھەیە و لەگەڵ ھەموو لایەنەکانیش پەیوەندیی ھەبووە و دەیناسن و ڕێزیان بۆی ھەیە، ھەروەھا لە پێش ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم و دروستبوونی کێشەکانیش سەردانی بەغدای نەکردووە، ئێستاش کە کاتی دروست بوونی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقە، بە بۆچوونی من سەردانەکەی ھەنگاوێکی باشە، بۆ دروستبوونەوەی پەیوەندییەکان“.
مەحموود عوسمان جەختی کردەوە کە ”بارزانی خۆی لە بابەتی حزبی گەورەترە و ڕۆڵی ھەیە“. بۆیە هیوای خواست کە لە ئەنجامی ئەو سەردانەدا، کێشەکان چارەسەر ببن و ”کوردیش لەوەدا یەکگرتوو و یەکدەنگ بن کە ناکۆکییەکانی ئێرە نەبەنە بەغدا تا بگەنە ئەنجام“.
لەبارەی ئەو کەس و لایەنانەی کە دژایەتیی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەکەن، ئەو سیاسەتمەدارە نەیشاردەوە کە ”کەس مافی ئەوەی نییە دژی سەردانەکەی بارزانی بێت، چونکە یەکێتی و حزبی دیکەش چوونەتە بەغدا، بۆیە بارزانیش مافی خۆیەتی بڕوات“. جەختیشی لەوە کردەوە کە ”ھەموو حزبەکان و ئەمریکا و ئێرانیش پێیان خۆشبووە ئەم سەردانە بکات، بۆیە کەس مافی نییە ڕەخنە بگرێت“.
ڕوونیشی کردەوە، گرنگە ھەموو حزبەکان سەرنج بخەنە سەر درووستکردنی ئیدارەیەکی ھاوبەش بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان، تاوەکوو ئەو دۆخە سەربازییە سەپێنراوە لە کەرکووک نەمێنێت و پێشمەرگە بگەڕێتەوە کە چارەسەری ئەو بابەتە ”بە ماددەی ١٤٠ دەبێت“.
باسنیوز
