ھونەرمەندێکی گەنجی کورد بە ڕووداوی ھاتوچۆ گیانی لەدەست دا
ئەو ڕووداوە شەوی ڕابردوو لە کاتی سەفەر لەسەر ڕێگای کامیاران بۆ سنە ڕووی داوە، ئەمیر سوھەیلی یەکێک لە ھونەرمەندە کاریکاتێرە خاوەن بەھرە و سەلیقەکانی کورد بووە کەلە چەندان فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی خەڵاتی گرنگی مسۆگەر کردووە.
ئەمیر سوھەیلی، لەدایکبووی 1983ی سنە و خاوەن بڕوانامەی کیمیا بووە و چالاکیی ھونەریی خۆی لە بواری ھونەری کاریکاتێر لە ساڵی 2009ەوە دەست پێکرد، ھەرچەند ئەو ماوەیە کورت بوو، بەڵام پڕ دەسکەوتی کاری ھونەری و خەڵات و شانازی بووە.
خەڵاتەکانی بریتین لە:
- خەڵاتی تایبەت و دیپلۆمی شانازی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کارتۆن کۆزۆ.
- خەڵات و دبلۆمی شانازی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کارتۆنی humo DEVA لەژێر ناوی باشترین کاریکاتێری ساڵی 2015.
- ساڵی 2016 لە ڕۆمانیا دبلۆمی شانازیی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "دەمامک لە ڕوخسارت لاببە" وەرگرت.
- لە ناوخۆی ئێرانیش وێڕای چەندان خەڵاتی جیاجیا، ھاوکات لە چەند فێستیڤاڵێک داوەر و بەڕێوەبەر بووە.
- بەڕێوەبەری یەکەم فێستیڤاڵی کایرکاتێری سنە بووە.
-لە ساڵی 2012 بەرھەمێکی لە ڕیزی پێنج بەرھەمی ھەڵبژێردراو بووە بۆ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی کاریکاتێری CLPE لە ئەمریکا و لە بەشی پیشەسازی و تەکنۆلۆژیادا خەڵاتی وەرگرت.
باسنيوز
