عێراقچییەکانی نێو یەکێتی ترسیان لە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا هەیە

 عێراقچییەکانی نێو یەکێتی ترسیان لە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا هەیە
ئەو کەسانەی لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە عێراقچی ناسرابوون و زۆرینەیان سەر بە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بوون، ترسێکی گەورەیان لە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا هەیە و هۆکارەکەشی بۆ ئەگەری کەمبوونەوەی ئەو دەستکەوتە داراییانە دەگەڕێتەوە کە بەهۆی قووڵکردنەوەی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا دەستیان دەکەوت.

پاش ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ١١ی ٢٠١٨، سەرۆک بارزانی، بەیاوەریی مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵا، گەیشتنە بەغدای پایتەختی عێراق و دواتر سەردانی نەجەفیان کرد و فەرشی سووریان بۆ ڕاخرا و لەلایەن سەرجەم سەرکردە باڵاکانی عێراق هەم پێشوازی کران و هەم وەک ڕووداوێکی مێژوویی سەردانەکە لێکدرایەوە. لە بەرامبەردا بەشێکی زۆر لە گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و عێراقچییەکانی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کەوتنە دژایەتیکردنی سەردانەکە و بیانووی جۆراوجۆریان بۆ دژایەتیکردنی دەهێنایەوە.

بەپێی زانیارییەکان کە لە چەندان سەرچاوەوە دەستی کەوتووە، نیگەرانبوون و ترسی ئەو عێراقچییانەی نێو یەکێتی لەوە سەرچاوە دەگرێت کە هێز و توانایەکی دارایی زۆریان پێشتر لەلایەن چەند بەرپرسێکی عێراقییەوە دەخرایە بەردەست، بۆ ئەوەی ببن بە بەشێک لەو لایەنانەی کار لە دژی هەرێمی کوردستان و کیانەکەی دەکەن، بەڵام ئەگەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا ئاسایی ببێتەوە، ئیتر ئەو هێز و توانا داراییەیان لەدەست دەچێت.

لەمبارەیەوە ئیسلام حوسێن، ئەندامی پێشووی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەوانەی ئێستا دژایەتیی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی دەکەن، ئەگەر لەبیرتان بێت ھەموو جارێک باسی ئەوەیان دەکرد کە بەرژەوەندیی میللەت لەسەرووی ھەموو شتێکەوەیە".

ڕوونیشی کردەوە، سەرۆک بارزانی کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایە، ”ئەوانەی کاتی خۆی دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوون، پێشوازیی سەرۆکانەیان لە بارزانی کرد، ھەر بۆیە ئەم ھەنگاوەی بارزانی گرنگە و باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغداش نەک تەنیا زیانە بۆ لاھوور جەنگی و ھاوشێوەکانی، بەڵکوو خەمێکی گرانە بۆ بەشێکی بەرچاویش لە بنەماڵەی تاڵەبانی و یەکێتییەکان".

پێشتر نووری بێخاڵی، نووسەر و ڕۆشنبیر، لە وتارێکیدا کە نووسیویەتی، ئەوەی ڕوونکردبووەوە کە بێئاگان ئەو کەسانەی، پێیانوایە بە سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، پرسی سەربەخۆیی کوردستان یان ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم کۆتایی دێت، بەڵکوو سەردانەکەی سەرۆک بارزانی لەم کاتەدا چەندان گرنگی هەیە و ”سەرۆک بارزانیش جەمسەرێکی سەرەکیی ئیدارەدانی ململانێیە لە عێراقدا“.

(باسنیوز) ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ١١ی ٢٠١٨ ئاشکرای کرد کە یەکێتی پێگەیەکی ئەوتۆی لە گۆڕەپانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا نەماوە و لەناوخۆی خۆشیدا کۆمەڵێک کێشەی هەیە، هەر بۆیە کەوتووەتە دژایەتیکردنی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا.










باسنیوز
Top