لە سنووری سلێمانی ئەفسەرێکی پۆلیس کوژرا

 لە سنووری سلێمانی ئەفسەرێکی پۆلیس کوژرا
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، لەسەر ڕێگای سلێمانی - کەرکووک و لە ڕووداوێکی تەقەکردندا، ئەفسەرێکی پۆلیس کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ شەممە 24/11/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "بەیانیی ئەمڕۆ، لەسەر ڕێگای سلێمانی - کەرکووک و لە نزیک خواردنگەی کانی شەیتان، لە ئۆتۆمبێلێکەوە تەقە لە ئۆتۆمبێلێکی دیکە کراوە و سێ سەرنشینی تێدا بووە و بریندار کراون".

باس لەوەش کراوە: "دوای گەیشتنی ھێزەکانی پۆلیس و تیمە فریا گوزارییەکان بۆ شوێنی ڕووداوەکە، بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە، بەڵام بەھۆی سەختیی برینی یەکێک لە بریندارەکانەوە، کە ئەفسەری پۆلیسی کەرکووکە و بەناوی (ف، ح، خ) و لەدایکبووی ساڵی 1990ە، گیانی لەدەست دا".

ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێستا لەلایەن بنکەی پۆلیسی بەردەقارەمانەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێ کردووە.

ھەر لەبارەی ئەو ڕووداوەوە، گۆران عەبدوڵا، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک ڕایگەیاند: ”لەنێو ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا لاندکرووزەر)ی مۆدێل 2012، تەقە لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری (ھیۆندای ئەلێنترا) کرا، بەو ھۆیەشەوە ئەفسەرێک پۆلیسی کوژراوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون“.

گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک گوتیشی: ”کوژراوەکە ناوی (فەلاح حەسەن)ە و لەدایکبووی ساڵی 1990ە و لە بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پۆلیسی کەرکووکە و بەنەتەوە تورکمانی شیعەیە، دوو کەسەکەی دیکە عەرەبی شیعەن و ناویان (سەجاد حەسەن)ە و لە دایکبووی ساڵی 1992ە، کەسی سێیەم کە بریندار بووە، ناوی (مستەفا نەجات)ە و لەدایکبووی ساڵی 1998ە، ھەردووکیان برینەکەیان سەختە“.

ئەوەشی خستە ڕوو: "ئامانجی تەقەکەرەکان ئەفسەرەکە بووە، چونکە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک بووە، لێکۆڵینەوەکانیش لەسەر ئەو ڕووداوە دەستیان پێ کردووە، بەڵام ھێشتا ھیچ کەسێک بەو ھۆیەوە دەستگیر نەکراوە".








باسنیوز
Top