قۆناغێکی نوێی پەیوەندیی نێوان هەولێر و ئەنقەرە دەست پێ دەکات و نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تورکیا دەکرێتەوە
سەرچاوەیەکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا بە (باسنیوز)ی راگەیاند، پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا لە بوارەکانی وزە، ئاسایش و ئابووری بەرەو پێش دەچن و بەم زووانەش نوێنەرایەتیی ھەرێمی کوردستان لە پایتەختی تورکیا دەکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، مەھدی ئێکەر، پەرلەمانتاری ئێستای تورکیا لە فراکسیۆنی ئاکەپە، کە بە نیازە خۆی بۆ شارەوانیی شاری ئەسەنیوت لە پارێزگای ئیستەنبوڵ کاندید بکات، سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆ بووەتەوە.
مەھدی ئێکەر داوای لە نێچیرڤان بارزانی کردووە، پشتگیری بکات لە ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا، کە بڕیارە رۆژی ٣٠ـی ئاداری ٢٠١٩ ئەنجام بدرێ.
دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە ھەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی ھەولێر و ئەنقەرە بەرەو خراپی چوون، بەڵام دوای سەپاندنی چەندین سزای ئابووری بەسەر ئێران، بەتایبەتیش بەسەر نەوتی ئەو وڵاتە، ھەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی نەوت، دەبێتەوە سەرچاوەیەکی نەوت بۆ تورکیا و ئەو وڵاتە نەوت لە ھەولێر دەکڕێت.
ئەو سەرچاوەیەی ئاکەپە ئاماژەی بەوەش کرد، ھەولێر رۆڵی پردێک لە نێوان بەغدا و ئەنقەرە دەبینێ و باشتربوونی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش ”زۆر گرنگە“، چونکە دەبێتە ھۆی پتەوبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی ھەولێر و ئەنقەرە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، لە رۆژانی داھاتوو نێچیرڤان بارزانی بە فەرمی بانگھێشتی تورکیا دەکرێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی کوردی تورکیا بە مەبەستی باشترکردنی پەیوەندییەکانیان و ”ھەندێک پێشھاتی نوێ لەو بارەیەوە دێنە پێش“.
مەھدی ئێکەر، کە لە مانگی رابردوودا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردبوو، رایگەیاندبوو، ئاکەپە، کە رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات، گرنگی بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و ئەنقەرە دەدات.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە، ئەمریکا چەندین سزای ئابووری و سیاسی بەسەر ئێراندا سەپاند و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، ھەڕەشەی لە ھەموو ئەو لایەن و وڵاتانە کرد، کە پابەندی سزاکان نابن و رایگەیاند، ھەمان سزاکانی سەر ئێران دەیانگرێتەوە.
باسنیوز
