پارتی: بە یەکێتیمان گوتووە یان سەرۆکی پەرلەمان یان جێگری سەرۆکوەزیران وەردەگرن

 پارتی: بە یەکێتیمان گوتووە یان سەرۆکی پەرلەمان یان جێگری سەرۆکوەزیران وەردەگرن
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد کە بە ڕاشکاوی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان ڕاگەیاندووە، سەرۆکی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان دوو جێگری دەبێت و یەکێتیش سەرپشکە لە وەرگرتنی جێگری سەرۆک وەزیران یاخود سەرۆکی پەرلەمان.



بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لە کۆبوونەوەی شاندی دانوستانی پارتی لەگەڵ یەکێتی، یەکێتی داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکوومەتی کردووە، ھەروەھا داوای ئەوەیان کردووە کە جێگری سەرۆکی حکوومەت نەکرێت بە دوو جێگر".



ئاماژەی بەوەش دا کە پارتی بە یەکێتی ڕاگەیاندووە، ڕێگر نین لەوەی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرن، بەڵام جێگری سەرۆکی حکوومەتی دوو جێگر دەبێت.



ئەو بەرپرسەی پارتی نەیشاردەوە کە بزووتنەوەی گۆڕان ”مەبدەئییەن“ ڕازییە بەشداری لە حکوومەتدا بکات، بەڵام ”شێواز و چۆنییەتیی بەشداریکردنەکە دەبێ لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی بڕیاری لێ بدرێت و دواتر دەخرێتە ڕوو“.



بڵند ئیسماعیل ئاشکرای کرد: ”ئاساییە ئەگەر یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆکی حکوومەت بە گۆڕان بدرێت، بەڵام جێگرەکانی سەرۆکی حکوومەت وەکوو پێشتر دەسەڵاتیان لە سەرۆکی حکوومەتەوە نزیک نابێت، بەڵکوو سەرۆکی حکوومەت ئەرکیان پێ دەسپێرێت“.

جەختیشی لەوە کردەوە کە پارتی بە یەکێتی ڕاگەیاندووە، “بە پێی سەنگی خۆتان پۆست وەردەگرن و ناتوانین زیاترتان پێ ببەخشین، چونکە لایەنی دیکەش دێتە ناو حکوومەتەوە“. ھەر بۆیە ئێستا یەکێتی سەرپشک کراوە کە پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت وەردەگرێت یاخود سەرۆکی پەرلەمان، چونکە ”ئەو داوایانەی کردوویەتی، لەگەڵ سەنگ و پێگەی ئێستای ناگونجێت“.



ڕوونیشی کردەوە کە لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکوومەت دەست پێ دەکەنەوە.




باسنیوز
Top