موقته‌دا سەدر: سه‌ردانی بارزانی، گرینگ و مێژووییه‌

 موقته‌دا سەدر: سه‌ردانی بارزانی، گرینگ و مێژووییه‌
سەرۆكی ڕەوتی سەدر خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و بە سەردانێكی گرینگ و مێژوویی وەسفی كرد و ڕایگەیاند، سەردانەكە بووەتە مایەی خۆشحاڵیی سەرجەم لایەن سیاسییەكانی عێراق و بە سەرەتایەكی گرینگ و ئاراستەیەكی نوێ و ئەرێنی بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ھەڵەكان و بونیادنانی حكوومەتی نوێی دەزانن.

ئه‌مڕۆ ھەینی 23ـی 11ـی 2018، سەرۆك مەسعوود بارزانی گەیشتە شاری نەجەف و بە گەرمی لەلایەن موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر پێشوازیی لێ كرا.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی یاوەری سەرۆك بارزانی بوون، سەرەتا سەرۆكی ڕەوتی سەدر خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و بە سەردانێكی گرینگ و مێژوویی وەسفی كرد و ڕایگەیاند، كە سەردانەكە بووەتە مایەی خۆشحاڵیی سەرجەم لایەن سیاسییەكانی عێراق و بە سەرەتایەكی گرینگ و ئاراستەیەكی نوێ و ئەرێنی بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ھەڵەكان و بونیادنانی حكوومەتی نوێی دەزانن.

لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا ئەوەیان دووپات كردەوە كە دەرفەتێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا هاتووەتە ئاراوە و پێویستە كار لەسەر بیناكردنی متمانە و چارەسەركردنی كێشەكان و شەراكەتی ڕاستەقینە بكرێت.
هاوكات جەختیان لە بەردەوامیی پەیوەندییەكان و قووڵتركردنەوەی متمانە و پاڵپشتیكردنی حكوومەتی تازەی عێراقی كردەوە.
kdp-
Top