شاندێکی عێراق پێوەست بە شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی کوردستانن
کامل زێوەیی، سەرۆکی ناوەندی دھۆکی کۆمکاری زیندانیانی سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری پارێزگای دھۆک تا ئێستا لە لایەن سەرۆکایەتتی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە ڕەزامەندی لەسەر لیستی دووھەزار و ٣٧٣ زیندانیی سیاسی دراوە کە لە ماف و ئیمتیازاتەکانی حکوومەت سوودمەند بن. دوای جێبەجێکردنی ڕێکارەکان و ھەبوونی مەرجی پێویست، لە ماوەکانی ڕابردوودا ١٥٤ زیندانیی سیاسیی سنووری قەزای زاخۆ لە وەرگرتنی پارچەزەوی سوودمەند بوون کە لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بۆیان تەرخان کرابوو."
سەرۆکی ناوەندی دھۆکی زیندانیانی سیاسی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لیستێکی دیکەی ناوی زیندانیانی سیاسیی پارێزگای دھۆک ئامادەیە بۆ وەرگرتنی پارچەزەوی، کە بڕیارە لە سنووری شارەوانیی سێمێل زەوی بەسەر ٢٧٠ زیندانیی سیاسیدا دابەش بکرێت و لە ڕۆژانی داھاتوودا تیروپشک بۆ وەرگرتنی زەوییەکان بەڕێوە دەچێت."
لەبارەی گواستنەوەی ناوی زیندانیانی سیاسی بۆ سەر میلاکی دەزگای زیندانیانی سیاسیی عێراق، کامل زێوەیی دەڵێت: "ئەمە بڕیاری پەرلەمانی عێراقە و بە گوێرەی یاسا و دەستووری عێراق مافی زیندانیان و کەسوکاری شەھیدانە سوودمەند بن لە داھاتی عێراق، پێشتر شاندێکی وەزارەتی کاروباری شەھیدانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەو بابەتە سەردانی بەغدایان کردبوو، ئەمڕۆ، پێنجشەممەش، شاندێکی بەغدا سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە، بێگومان بە گواستنەوەی لیستی ناوی زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەھیدان لە ماف و ئیمتیازاتەکانمان زیاتر سوودمەند دەبین."
kdp-
