سەرۆک بارزانی: بۆ چارەسەرکردنی تەواوەتیی کێشەکان هاوکاری عادل عەبدولمەهدی دەبین
لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا کە سەرەتا عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق قسەی کرد، ئاماژەی بەوە دا: ”پێشوازیمان لە سەرکردە و کەسایەتییەکی گەورە کردووە کە مایەی ڕێزی هەموو لایەکە“. هاوکات خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە دەربڕی و هیوای خواست دیداری هاوشێوە لە هەولێر و بەغدا بەردەوام بن.
عادل عەبدولمەهدی گوتی: ”دەمەوێ بە ئەبو مەسروور و ئەبو هاشم ناوی یەکتر بێنین کە بەڵگەیە لەسەر دۆستایەتییەکی زۆر قووڵ“. جەختیشی لەوە کردەوە کە سەرۆک بارزانی ”تێکۆشەرێکی کۆنە و ڕۆڵی دیاری هەبووە لە ڕووخاندنی دیکتاتۆریەت و کاک مەسعود سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کەسێکی دیارە لە ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکەماندا“.
هاوکات سەرۆک بارزانی ڕای گەیاند، پەیوەندیمان لەگەڵ دکتۆر عادل عەبدولمەهدی پەیوەندییەکی کۆنە و لە کاتە قورسەکاندا متمانە لەنێوانماندا ماوەتەوە. ئاماژەشی بەوە دا: ”ئەبو هاشم (عادل عەبدولمەهدی) ڕۆڵێکی گەورەی لە عێراقی نوێ و داڕشتنەوەی دەستووردا هەبووە. ئەو کاتەی کە ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکوومەت، ”تەلەفۆنم بۆی کرد و پاڵپشتیم بۆی دەربڕی“.
سەرۆک بارزانی لە وتەکەیدا ئاماژەی بە پەندێکی پێشینان کرد و گوتی: ”پرسیاریان لە حەکیمێک کرد، برات خۆشتر دەوێ یان برادەر؟ حەکیمەکەش گوتی برام ئەگەر برادەرم بێت، عادل عەبدولمەهدیش برا و برادەرمە“.
جەختیشی لەوە کردەوە: ”ئێستا دووبارە پاڵپشتیی تەواوی خۆم بۆ برا و هاوڕێم عادل عەبدولمەهدی دەردەبڕم، لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین و هاوکاریی زیاتری یەکتر دەکەین بۆ ئەوەی ئەو پەیوەندییە بەرەوپێش ببەین تاوەکوو تەواوی کێشەکان چارەسەر بکەین“.
هەروەها زۆر سوپاسی ”ئەو پێشوازییە گەرمە“ی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
باسنيوز
