سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە سەرۆک بارزانی کرد
دوای گەیشتنی بۆ شاری بەغدا و پێشوازیکردنی لەلایەن محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، کەمێک لەمەوبەر عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێشوازی لە سەرۆک بارزانی و شاندی یاوەری کرد و بڕیارە کەمێکی دیکە کۆبوونەوەی نێوانیان دەست پێ بکات.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی ١١ی ٢٠١٨، سەرۆک بارزانی بە یاوەریی مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان، گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکانیدا لە شاری بەغدا، سەرۆک بارزانی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، پرسی ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ بکات.
باسنيوز
